ڤیان سەبری: بیانووی عێراق لەبارەی زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەجێگەی خۆی نییە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند ئەو بیانووەی کە عێراق لە زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەیگرێت، لە شوێنی خۆی نییە، چونکە ساڵانە چەند ھێندەی ھەرێمی کوردستان ژمارەی فەرمانبەر و مووچەی خۆیان زیاد بووە.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "ئەو بیانووەی کە حکوومەتی عێراق لەبارەی موچە خۆرانی ھەرێمی کوردستان ھەیەتی کە دەڵێت تەنھا مووچەی 686 ھەزار فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان خەرج دەکەم لەجێی خۆی نییە، چونکە پێشمەرگە و خێزانی شەھید و زیندانیانی سیاسی حساب نەکراون و بەدەر لەوەش ساڵانە ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراقیش فەرمانبەر و مووچەخۆری نوێی دامەزراندووە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی ھەرێمی کوردستان، خراونەتە ناو سیستەمی بایۆمەتری و دراونەتە بەغدا، بەڵام جێی نیگەرانییە کە ئەوان ھەر جەخت لەو ژمارە دەکەنەوە کە خۆیان باسی دەکەن".
ڤیان سەبری ھیوای خواست: "لە کابینەی "مستەفا کازمی"دا بتوانرێت ئەو کێشەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا چارەسەر بکرێت، بەتایبەت کە مستەفا کازمی لە کارنامەی خۆیدا جەخت لە زامنکردنی مافە دەستووری و یاسایییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە".
باسنیوز
