بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان: داوامان كردووە هاوشێوەی جووتیارانی عێراق بۆ ئەمساڵ هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان: داوامان كردووە  هاوشێوەی جووتیارانی عێراق بۆ ئەمساڵ هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت
حكومەتی عێراق لیژنەیەکی باڵا بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێمی كوردستان دروستدەكات، سبەی ئەو لیژنە باڵایە كۆدەبێتەوە و وەزیری كشتوكاڵیش دەڵێت "بۆ ئەو كۆبوونەوەیە داوای نوێنەرێكی هەرێمی كوردستانیان كردووە".

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان راگەیاند: "حكومەتی عێراق بە فەرمی داوای لێكردووین لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرێكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو لیژنە باڵایە دیاری بكەین. ئەو لیژنە باڵایە سبەی بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە، نوێنەرێكی ئێمەش لە ئاستی بەڕێوەبەرێكی گشتی بەشداردەبێت".

وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو ئەوان وەك هەرێمی كوردستان، داوا دەكەن هاوشێوەی جووتیارانی عێراق بۆ ئەمساڵ هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و گوتیشی "بۆ ئەمساڵ لە دەرەوەی ئەو پلانەی دانراوە جوتیاران هەموو گەنمەكەیان لێوەردەگیرێ‌، بۆیە داوا دەكەین ئەو بڕیارە جووتیارانی كوردستانیش بگرێتەوە، ئەگەرنا لانیکەم با سەروو یەك ملیۆن تۆن گەنمی جوتیاران وەربگرن".

حكومەتی عێراق ساڵانە بە نرخێكی پاڵپشتیكراو گەنم لە جووتیاران دەكڕێتەوە، بەڵام وەك جووتیارانی هەرێمی كوردستان باسی دەكەن لەو رووەشەوە بەغدا غەدریان لێدەكات، لە زیاتر لە یەك ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنمی ساڵانە، هەر كەمتر لە 360هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی كوردستان وەردەگرێت.




رووداو
Top