دەغڵودانی جووتیارانی گوندێکی مەخموور سووتێندرا
نزیکەی هەفتەیەکە بە بەردەوامی دەغڵودانی جووتیارانی سنووری قەزای مەخموور دەسووتێندرێ و ئەمشەویش ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندێک بەردرا.
بەپێی زانیارییەکان کاتژمێر ٩ی ئەمشەویش شەممە(١٦-٥-٢٠٢٠) لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندی ئازیکەند-ی سەر بە قەزای مەخموور لە بناری چیای قەرەچووغ بەردراوە کە دانیشتووانەکەی کوردن.
هەر بەپێی زانیارییەکان پاش ئاگرەکە لە مزگەوتەکانی قەزای مەخموورەوە بانگەواز ئەوە کراوە کە هاووڵاتیان هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئەنجام بدەن و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی دانیشتووی مەخموور چوونەتە شوێنی ئاگرەکە و تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
گوندی ئازیکەند دەکەوێتە ١٠ کیلۆمەتر لە دووری قەزای مەخموور و لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقە و ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانە لە ئەستۆی سوپای عێراقە، بەڵام بەبەردەوام لەلایەن دانیشتووانی مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە گلەیی ئەوە دەکرێت کە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ناتوانن سەر و ماڵی هاووڵاتیان لەو ناوچانە بپارێزن و تیرۆریستانی داعش بە ئاشکرا جموجۆڵ و چالاکییان هەیە.
باسنيوز
