کەرکووک.. هێزە ئەمنییەکان ڕێگری لە ڕووماڵی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد دەكەن

کەرکووک.. هێزە ئەمنییەکان ڕێگری لە ڕووماڵی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد دەكەن
بەرپرسی سەندیكای رۆژنامەنووسانی کوردستان- لقی كەركووكی ڕای دەگەیەنێت، هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكان ڕێگری لە ڕووماڵكردنی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كورد دەكەن.

ئەمڕۆ شەممە 16/5/2020، مەهدی زریان، بەرپرسی لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ڕایگەیاند: "ئێستا كەركووك عەسكارتارییەت بەڕێوەی دەبات، واتە ئەقڵی كارگێڕی و حكوومی و شارستانی بەڕێوەی نابات و مامەڵەكردن لەگەڵ دەسەڵاتی سەربازی، بە یاسای ڕۆژنامەگەری و بە كاری شارستانی ناكرێ، بۆیە دۆخەكە نەخوازراوە و رێگریكردن لە كاری رۆژنامەنووسان لە كەركووك بەردەوامە.

روونی كردەوە: "زیندووترین نمونە، دوێنێ هەینی، تیمێكی كەناڵی كوردستان 24 چوونەتە سنووری داقووق بۆ ڕووماڵكردنی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كوردانی كاكەیی، كەچی لەلایەن هێزێكی سەپێندراوە بانگ كراون و ئیهانە كراون، هەڵبەتە سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كورد گوزرێكی كوشندەیە كە بەریان دەكەوێت، ئێستا ئەو هێزە سەربازییە كە بە ئەقڵییەتی شۆڤێنییەوە مامەڵە دەكەن، دەیەوێت تەنانەت سووتاندنی ماڵ و موڵكی كورد، نەخاتە لیستی قەرەبووەكانی حكوومەتی عێراقەوە، هەروەها رۆژنامەنووسانیش ڕووماڵی زیانەكان نەكەن".

بەرپرسی لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێمە داوامان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كێشەكانی بەردەم رۆژنامەنووسانی كەركووكمان لە بەغداوە بۆ چارەسەر بكەن، چونكە لە كەركووك ئەو پرسە چارەسەر ناكرێت، چونكە هێزە سەپێندراوەكان گوێ لە كەس ناگرن، پێشتر ئەوەمان تاقی كردووەتەوە كە لە كەركووك كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام هێزەكان هەر ڕێگرن و دەبێ رۆژنامەنووسان ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان بپارێزن، بۆیە دەبێ رۆژنامەنووسان بۆ بەردەوامی كارەكانیان لەم سنوورە خۆیان بگونجێنن، دەنا ئێمە نەسیحەتی هیچ رۆژنامەنووسێك ناكەین ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە و خۆی بیێتە هەواڵ.













باسنیوز



Top