پارێزگاری هەولێر: لەگەڵ بەرگریی شارستانی بۆ کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکان لەسەر خەتین
پاش ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە شاری هەولێر، پارێزگاری هەولێر شوێنەکەی بەسەر کردەوە و لە پرێس کۆنفرانسێکدا زانیاریی پێویستی خستە ڕوو و سپاسی بەرگریی شارستانیی کرد.
فرسەت سۆفی لەمبارەوە ئەمڕۆ شەممە 2020.5.16 لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد: "ئێستا کە بەرەو وەرزی هاوین دەڕۆین و ئەوەی کە من دەمەوێ لێرە بیڵێم، ئەوەیە کە داواکارم لە هەموو هاووڵاتیان هۆشیار و چاوکراوە بن و ئێمەش وەکوو حکوومەت و دامودەزگاکان خاوێنکردنەوە و پاککردنەوەی پووش و پەڵاشی شوێنەکانمان دەست پێ کردووە و ئەوەی پێمان بکرێت، دەیکەن، بەڵام بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتی لەسەر شانی خودی خەڵکە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "دەبێ لە هەموو شوێنێک، تەنانەت ئەو شوێنانەش کە کێڵگەی گەنم و دەخڵودانی لێیە دەبێ خەڵک هۆشیار و وریا بن و هاوکارمان بن و ئێمەش ئەوەی پێویست بکات بۆ ڕێگریکردن خۆپارێزی لە دووبارەنەبوونەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە ڕێکاری پێویست دەگرینە بەر".
جارێکیتر سپاس بۆ ماندووبوونی بەرگریی شارستانی، بەڕاستی ئەگەر لە کاتی پێویستدا نەگەیشتباین، ئاگارەکە لەوە زیاتر تەشەنەی دەکرد، چونکە تانکەری گەورەتری سووتەمەنی لە شوێنەکە هەن و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، هەرچەند بەداخین بۆ گیانلەدەستدانی کارمەندی ئەم شوێنە".
لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکانی سنووری مەخموور ڕای گەیاند: "لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەرگریی شارستانی لەسەر خەتین و ئەو ئاگرە گەورەیش کەلە چیای قەرەچووغ کەوتەوە، بێگومان هەر شوێنێک لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا هەبێت هەموو هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ، بەڵام بەداخەوە بەشێکە لەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی ئێمە نییە و پێوەندییان بە حکوومەتی عێراقەوە هەیە و داعش لەوێ حزووری هەیە".
باسنيوز
