پەیامى سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە گرژى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان

پەیامى سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە گرژى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، سەبارەت بە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، پەیامێکى بۆ راى گشتیى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەدا داوا دەکات کەوا لایەنە سیاسییەکان لەرێى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتنەوە کێشەو گرژییەکانیان چارەسەربکەن و، کاربکەن بۆ زیاتر خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

بۆ راى گشتى

- جەماوەرى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان ...
- کەس و کار و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
مایەى نیگەرانى هەموو لایەکمانە کەوا ماوەیەکە گرژى کەوتۆتە نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و، ناوەندى سیاسیى کوردستان لێکترازاوو پەرش و بڵاوبووە، لەڕاستیدا دەکرێت هەموو ئەو گرژى و گرفتانەى کە هەن، بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن؛ بەبێ پەنابردنە بەر هێرشکردن بۆ سەر یەکدى چارەسەر بکرێن، سەردەم سەردەمى دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە، بارودۆخى کوردستانیش بارودۆخێکى زۆر هەستیار و ناسکە، لە لایەک گەمارۆى وڵاتانى دەوروبەرمان لەسەرە، لە لایەکى دیکەوە قەیرانى ئابوورى و ناعەدالەتى و کۆمەڵێ قەیرانى دیکەى ناوخۆییمان وایکردووە ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان ئاڵۆز و زەحمەت بێت، لەهەمان کاتدا تیرۆریستانى داعش خۆیان رێکخستۆتەوەو رۆژانە هەڕەشە لە ناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستان دەکەن و فرسەت دێنن هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە، هەروەها بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا وەک کارەساتێکى مرۆیى رووبەڕووى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیى بۆتەوە، سەرەڕاى ئەمانە وەک بۆ هەموو لایەکمان روونە تا ئێستاش کێشەکانى نێوان کوردستان و عێراق چارەسەرنەکراون، بۆیە ناکرێت لە رەوشێکى وادا کێشە و قەیرانى دیکە دروستبکرێت، ئەم رەوشەى ئێستاى کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزى و یەکدەنگى و بەیەکەوە کارکردنمان لێدەخوازێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان بگەڕێنەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەوێوە چارەسەرى کێشەکانیان بکەن، و ناوەندى سیاسیى کوردستان رێک و یەکبخەنەوە، نەک لە راگەیاندنەوە پەنا بۆ بێڕێزیکردن بە یەکدى ببەن، هەڵمەتى راگەیاندن پێویستە لە خزمەتى بارودۆخى ئێستاى کوردستاندا بێت، نەک بۆ بێڕێزیکردن و ناوزڕاندنى یەکدى، داوا دەکەین هەرچى زووە ئەو هەڵمەتى راگەیاندنەى کە هەیە رابگیرێت و بخرێتە خزمەت چۆنییەتى قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و بەیەکەوە کارکردن.
پێویستە هەموو لایەکمان خەمێکى جدى لە ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان بخۆین و نەخشە رێگایەکى کوردستانییانە بۆ چۆنییەتى دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژین و کارى لەسەر بکەین، با خەمى هەموو لایەکمان خەکى خاک و خەڵک بێت نەک خەمى دەسەڵات و گیرفان.
گەلى کوردستان لە ماوەى رابردوودا و تا ئێستاش زەحمەتییەکى زۆرى کێشاوە و قوربانییەکى زۆرى داوە، بە هەزاران لە رۆڵەکانى گەلى کوردستان لەپێناو خاک و خەڵکى کوردستان گیانى خۆیان بەخشیوە، ئەو زەحمەتى و قوربانییانە بۆ ئەوەى نەبووە، لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندى خۆیان پشت لەو گەلە وڵاتپارێزە بکەن و رووبەڕووى ئەو هەموو قەیران و زەحمەتییانەى بکەنەوە، گەلى کوردستان بە تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکانەوە شایانى رێزگرتن و خزمەتکردنى زیاترە، لەسەر هەموو لایەکمانە بەو ئاراستەیە کاربکەین و خزمەتى زیاترى گەلەکەمان بکەین، بۆ ئەوەى گیانى شەهیدان و ویژدانى خۆمان ئاسوودە بکەین.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- سڵاو لە گەلى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان.


غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
١٥ – ٥ – ٢٠٢٠








Top