بە فەرمی داوا دەکرێت بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە

بە فەرمی داوا دەکرێت بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بە ئەوە کردووە کە لیژنەکەیان داوایان کردووە بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە.



ڕۆژبەیانی کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتییە ڕایگەیاندووە "بەپێی ماددەی (٦٦) بڕگەی یەکەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وەکو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان کە (۱۱) ئەندامین و داوامان کردووە و بە نووسراو ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کردووە کە بە زووترین کات دانیشتنێکی پەرلەمان لەسەر هەڕەشە یەك بە دوای یەکەکانی داعش و سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رێکبخرێت".



ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە ئەوەش کردووە کە لیژنەکەیان داوایان کردووە لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی دانوستاندکاری هەولێر و بەغدا ئامادە بن.



نووسیویەتیشی "ئەوە بابەتێکە کە باسی خەمی خەڵکانی کوردستانیانمانە لە ناوچە کوردستانییەکان ناکرێت لەبەر ململانێی سیاسی دوا بخرێت".




باسنيوز
Top