مەسرور بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایانی كوردستان كرد
لە پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە "بە بۆنەی پەنجا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و گشت ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. مامۆستایانی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و دیاریان لە پێگەیاندنی رۆڵەکانی کوردستاندا گێڕاوە و لە شۆڕشەکانی کوردستانیشدا بەشدارییەکی کارایان کردووە و هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن بوون لە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا".
مەسرور بارزانی هەروەها نووسیویەتی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنێ کە سەڕەڕای هەموو دۆخە سەختەکانیش بەردەوامن لە بەخشش و درێژەدان بە کاروانی پەروەردەیی و بە جێگەیاندنی ئەرکە پیرۆزەکەیاندا. بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ خزمەتکردنی مامۆستایان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا".
باسنيوز
