وەزیری ناوخۆ: مەترسی کۆرۆنا هێشتا لە هەرێمی کوردستان ماوە
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "توانیمان هەموو پێکەوە هەرێمی کوردستان بگەیەنینە کەنارێکی ئارام، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەین رێکارەکان بەردەوام بن، بەڵام بەڕەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتیان، ناچار بووین رێکارەکان ئاسان بکەین".
روونیشیکردەوە، کۆرۆنا لە هەرێم و لە دەرەوەی هەرێم وەکو یەک وایە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زوو دەستکرا بە رێکارەکان، ئەمەش لێکەوتەی خراپی ئابووری زۆری هەبووە و حکوومەت یەکەم زەرەرمەند بووە، بەڵام حکوومەت پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی خستە پێش لێکەوتە ئابوورییەکان.
راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، حاڵەتەکەی دوێنێی سلێمانی بەڵگەیە لەسەری و هەرکات ڤاکسین بۆ پەتاکە بدۆزرێتەوە ئەوکاتە دەتوانین بڵێین کۆنتڕۆڵکراوە.
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا، کە دەروازە و فڕۆکەخانەکان بەداخراوی دەمنێننەوە و لە رۆژانی جەژنی رەمەزانیش هیچ گەشتێک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم و دەرەوەی هەرێم نابێت.
باسنيوز
