لە سنووری کانی ماسی لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا شەڕ و پێکدادان ڕووی دا
لەمبارەوە سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک ڕايگەیاند: "بەهۆی بوونی پەکەکە لە سنوورەکە سوپای تورکیا هێرشی کرددووەتە سەر ناوچەکە، بەو هۆیەوە هێڵی کارەبای ناوچەکە پچڕاوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "گریلاکانی پەکەکە تەقەیان لە سوپای تورکیا لە ناوچەک کردووە و بۆ ماوەی کاتژمێرێک شەڕ ڕووی داوە و ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی بوونی پەکەکەوە سنووری کانی ماسی بۆردومان کراوە و هەتا ئەمڕۆ کار گەیشتە ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا لە سنوورەکە ڕوو بدات، بەڵام هەتا ئێستا لەبارەی زیانەکانەوە هیچ زانیارییەک لە ئارادا نییە".
ئەو ناوچەیە بەهۆی بوونی پەكەكەوە هەمیشە نائارامە و ئەگەر پەكەكە لەوێ نەبێت، توركیا ناوچەکە بۆردومان ناكات، بەپێی زانیارییەکان لە پارێزگای دهۆک و لەو ناوچە سنوورییانەی کە گریلاکانی پەکەکەی لێیە، نزیکەی ٣٠٠ گوند لە ترسی بوونی چەکدارانی پەکەکە و مەترسیی بۆردومانی سوپای تورکیا ئاوەدان نەکراونەتەوە و بەو بۆنەشەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبنە قوربانی.
باسنيوز
