ئەنجوومەنی وەزیران دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ كرد

ئەنجوومەنی وەزیران دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ كرد
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ كرد، هەروەها گفتوگۆی لەبارەی ژمارەیەک ڕەشنووسی پڕۆژە یاسا کرد و جە‌خت‌ی لە‌ رێزگرتن لە‌ مافی گشت پێكھاتە‌ ئایینی و نەتەوەییە‌ جیاوازە‌كانی هەرێمی کوردستان كردەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی کرد بە ھیوای چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندی گشتیی ھاوبەش، دواتر تیشکی خستە سەر دۆخی دارایی ئێستای حکوومەت و ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستانیش بە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان دووچاری دۆخێکی سەختی ئابووری بووەتەوە، بۆیە دەبێ خۆیان لەگەڵ دۆخی ئێستا و ئەو توانا داراییە سنووردارەی لە بەردەستدایە بگونجێنن و کۆی گشتیی دۆخی ئابووری بە پێی گۆڕانکارییەکان رێک بخەنەوە و بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی دەدات و هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەڵام حوکمڕانیکردن تەنیا مووچە دابەشکردن نییە بەڵکو پێویستە هەوڵ بدەین خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابوورییش ئەنجام بدرێت ئەمەش پێویستی بە رێکخستنەوەی دۆخی ئابووریمان هەیە.

پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو، جەختیشی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان لە گەڵ حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامە تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی نەوت و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی رەشنووسی چەند پڕۆژە یاسایەک کرد لە بوارەکانی (فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان، پرۆژە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، و پرۆژە یاسای ماف و ئەركەکانی نەخۆش) و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش راسپێردران بۆ گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی ئەو یاسایانە بە مەبەستی بڕیاری کۆتایی وڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران ‎جە‌ختی كردە‌وە‌ لە‌ رێزگرتن لە‌ فرە رەنگی و مافی گشت پێكھاتە‌ ئایینی و نەتەوەییە‌ جیاوازە‌كانی هەرێم .‌ كۆبوونە‌وە‌ دووپاتیكردە‌وە‌‌؛ ئە‌م ھە‌رێمە‌ بە‌جیاوازی پێکهاتە و رە‌نگە‌كانییە‌وە‌ جوانە‌ و مافی ھە‌مووانیش بێ جیاوازی پارێزراو دە‌بێت.












باسنيوز



Top