ئەمڕۆ ناوچە گەشتیارییەکانی دووکان دەکرێنەوە

ئەمڕۆ ناوچە گەشتیارییەکانی دووکان دەکرێنەوە
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان ئاشکرای کرد بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بەپێی چەند مەرج و ڕێنماییەک تەواوی ناوچە و پڕۆژە گەشتیاریەکانی سنووری قەزای دووکان بکرێنەوە.

ڕێژین ڕەئووف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان ڕایگەیاند: "لە درێژەی ئاساییبوونەوەی قۆناغەکانی ژیان دوای خۆپارێزییەکانی کۆرۆنا، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 2020.5.12 دەست دەکەین بە کردنەوەی پڕۆژە گەشتیارییەکانی سنووری قەزای دووکان بۆ ئەو مەبەستەش چەند مەرج و ڕێنماییەک بە خاوەنی پڕۆژە و ناوچە گەشتیارییەکان دراوە".

گوتیشی: "ڕێنمایی و مەرجەکان بریتین لەوەی کە نابێت ڕێگە بە قەرەباڵغبوونی ناوچە گەشتیارییەکان بدرێت و نێوان ھەردوو کەپڕێکی گەشتیاری دەبێت کەپرێک چۆڵ بێت و خاوەنی پڕۆژەکانیش دەستکێش و دەمامک ببەستن و ڕەوچاوی ڕێنماییەکانی دیکەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان باسی ئەوەشی کرد لە سنوورەکەیان ناوچەی گەشتیاری و شوێنەوارێکی زۆریان ھەیە و پلان و بەرنامەیان ھەیە لەڕێگەی تایبەتەوە ھەوڵی ناساندنی زیاتریان بدەن بۆ ئەوەی لە داھاتوودا و دوای تەواو ئاسایبوونەوەی بارودۆخی دوای کۆرۆنا، زۆرترین گەشتیار ڕوو لەو سنوورە بکات.












باسنيوز


Top