لیوا زریان شێخ وەسانی، بەرپرسی كەرتی قەرەچۆغی هێزی پێشمەرگە : تیرۆرستانی داعش داوای سەرانە لە جووتیارانی مەخموور دەکەن

لیوا زریان شێخ وەسانی، بەرپرسی كەرتی قەرەچۆغی هێزی پێشمەرگە  : تیرۆرستانی داعش داوای سەرانە لە جووتیارانی مەخموور دەکەن


دوێنی ئێوارە تیرۆرستانی داعش ئاگریان لە چیای قەرەچۆغ لە سنووری قەزای مەخموور بەر دا و ئاگرەكە تا درەنگانی شەو بەردەوام بووە و فەرماندەیەكی پێشمەرگەش ئاشکرای دەکات تیرۆریستانی داعش داوای سەرانەیان لە جووتیارانی سنوورەکە کردووە.

لەمبارەوە لیوا زریان شێخ وەسانی، بەرپرسی كەرتی قەرەچۆغی هێزی پێشمەرگە ڕاگەیاند: "ساڵانە تیرۆرستانی داعش داوای سەرانە دەكەن لە جووتیارانی ئەو سنوورە دەکەن و بۆ ئەمساڵیش ئاگریان لە دەشتاییەكانی "گەرەسۆر" و باشووری چیای قەرەچۆغ لە سنووری مەخموور بەر داوە و زەرە و زیانێكی زۆر بەر دەغڵودانانی هاووڵاتیانی گوندی گەڕەسۆر كەوتووە".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند: "لە سنووری ناحیەی قەراج لە گوندی "نهێب" و تا دەگاتە گوندی "بەردە سپی و عەلیەڕەش" دەشتاییەكانی ئەو ناوچانەشیان سووتاندووە و زیانێكی زۆر بەر دەغڵودانەكانی ئەم ناوچانە كەتووە، ئەو ناوچانەش لە نێوان تیرۆریستانی داعش و هێزەکانی حكوومەتی عێراق دایە، چەکدارانی داعش ماوەیەك لەمەوبەر داوایان لە جووتیارانی مەخموور و ئەوانەی دەغڵودان و حەوزی ماسییان لە ناوچانە هەیە داوای سەرانەیان لێكردوون".

گوتیشی: "دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەم ناوچانە كشاونەتەوە، تیرۆرستانی داعش توانیویانە سوودێكی زۆر لەو بۆشاییە وەربگرێت هەر لە ڕۆژئاوای كەركوكەوە تا دەگاتە مووسڵ و خانەقین، توانیویانە لەوێ‌ خۆیان ڕێک بخەنەوە، تاكوو هێزی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە ئەو ناوچانە تیرۆرستانی داعش زیاتر و چالاكییان زیاتر دەبێت".














باسنیوز
Top