وەزارەتى شارەوانى: پڕۆژەی ئیفراز سێ کێشەى کەمئاوى لە زۆرینەى گەرەکەکانى هەولێر چارەسەر دەکات
گوتەبێژى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار رایگەیاند بەمنزیکانە پڕۆژەى ئاوى ئیفراز سێ لە هەولێر دەچێتە بارى جێبەجێکردنەوە، کە بەهۆیەوە کێشەى کەمئاوى لەزۆرینەى گەڕەکەکانى هەولێر چارەسەر دەبێت.
کوردۆ شابان،بەرپرسى راگەیاندنى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاند: "پڕۆژەى ئاوى ئیفراز سێ بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانى ئاو دادەندرێت، کە بەهۆیەوە دەتواندرێت کێشەى کەمئاوى لە تەواوى گەڕەکەکانى ناوشارى هەولێر چارەسەر بکرێت، بەتایبەت ئەو گەڕەکانەى شوێنیان بەرزە وەکو گەڕەکەکانى هەڤاڵان و سەروەران لە رۆژهەڵاتى شارى هەولێر، تا دەگاتە 8ى حەسارۆک و کەسنەزان و بنەسڵاوە ".
راشیگەیاند: "قۆناغى پلاندانانى پڕۆژەکە بە هاوکاریى کۆمپانیایەکى گەورە و پڕۆفیشناڵى بیانى لەبوارى ئاودا تەواو بووە، کە بەیەکێک لە قۆناغە گرنگ و ستراتیژییەکان دادەندرێت و کاتێکى زۆریشى پێویست بوو، بەمنزیکانە دەست بەجێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەکرێت".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا و رێککارەکانى خۆپارێزییەوە، کارکردن لە پڕۆژەى ئاوى ئیفراز سێ وەستێندرا، ئەمەش کاتێکى زۆرى بەفیڕۆدا بەڵام ئەگەر هیچ گرفتێک نێتە بەردەم کارەکانى، پڕۆژەکە لە ماوەیەکى کەمدا جێبەجێکردنى کارەکانى تەواو دەبێت".
باسنيوز
