هاتوچۆی هەولێر دڵنیایی دەداتە شوفێران

هاتوچۆی هەولێر دڵنیایی دەداتە شوفێران
له‌باره‌ى ڕاییكردن مامه‌ڵه‌كانى هاووڵاتییان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ دڵنیایی دەداتە شوفێران.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی‌ هەولێر، ڕاى گه‌یاند: "ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/5/2020، وەك یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنەوەی دەوام تەنیا لە بەشی تۆماری كاتی لەناو بەرێوەبەرایەتییەكەمان، دەستمان بە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان كرد".

گوتیشى: "لە بەشی مۆڵەت هەموو جۆرە مامەڵەیەك ڕایی دەكرێت، وەك دەرهێنانی مۆڵەت و نوێكردنەوەی مۆڵەت، كە ڕۆژانە 700 مامەڵە لە بەشی تۆمار و 700 مامەڵەش لە بەشی مۆڵەت ڕایی دەكرێن، بەڵام ئێستا دەوامكردن له‌گه‌ڵ پێشوو جیاوازه‌، چونكە پێویستە هاووڵاتییان بە سیستەمی ئۆنڵاین نۆرە ببڕن، كە ڕۆژ و كاتەكەیان بۆ دیاری دەكرێت و پێویستە لەو كاتەوە سەردان بكەن، ئەگەر لە وادەی خۆیان ئامادە نەبن، مامەڵەكانیان لێ وەرناگیرێت".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی‌ هەولێر باسى له‌وه‌ش كرد: "تا چەند ڕۆژێك ئیش و كارەكانمان بەم شێوەیە دەبن، بۆ هاووڵاتییانیش ئاگادار دەكەینەوە كە هیچ وادەیەكمان بۆ به‌ناوكردنى ئۆتۆمبێلى ژماره‌ كاتى دیاری نەكردووە، چونكە زیاتر لە دوو مانگە دەوام وەستاوە، چۆن دەتوانین لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ئەو ژمارە زۆرە مامەڵەی هاووڵاتییان ڕایی بكەین".

له‌باره‌ى ئه‌و هاووڵاتییانەی كە دەیانویست لە دەستپێكی كردنەوەی دەوام مامەڵەی نوێكردنەوەی ساڵیانە و تەحویلكردنی ئوتومبێلەكانیان بكەن، فازڵ حاجى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا: "ئەو ماوەیە ئیش و كارەكانی ئەوان ڕایی ناكەین، تاوه‌كوو تۆماركردنی ژمارەی كاتی تەواو نەبێت، بەڵام پێویستە هاووڵاتییان لەوە ئاگادار بن كە ڕایینه‌كردنی ئیش و كارەكانیان، هیچ جۆرە پێبژاردنێك (غەرامە)یان بۆ زیاد ناكات، ئەگەر لە حاڵەتێكیش تووشی مەفرەزەی هاتوچۆ بوون، هیچ ڕێكارێكیان بەرامبەر ناگیرێتە بەر".

سەبارەت بەجێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر گوتی: "هەر هاووڵاتییەك كە دێتە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ لە پرسگە دەستكێش و دەمامكی پێدەدرێت و شوێنێكمان بۆ ئامادە كردوون، كە نێوان هاووڵاتییان لە مەترێك زیاترە و چاوەڕێ دەكەن تا نۆرەیان دێت، بۆ چوونە ژوورەوەیان تەنیا 10 كەس دەبردرێنە ژوورەوە، هەر كاتێك كارەكانی ئەوان بەرەو تەواوبوون بوو، ئەوكات 10 كه‌سى دیكه‌ دەچنە ژوورەوە، بۆ ئەوەی كەمترین بەریەككەوتن هەبێت، دەەبێ هاوڵاتیان سەرجەم ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن، هه‌ر بۆ خۆپارێزى، ئه‌م ماوەیە سیستەمی پەنجەمۆرمان هەڵگرتووە و هەموو مامەڵەكان بە واژۆ جێبەجێ دەكرێت.

دوای زیاتر لە دوو مانگ وەستانی دەوامی سەرجەم فەرمانگەكان لە هەرێمی كوردستان بەهۆی رێكارەكاكانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، ئەمڕۆ دووشەممە دەوامی ئاسایی لە سەرجەم فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردەوە".










باسنیوز



Top