لە كەركووك قەدەغەی هاتوچۆ درێژ كرایەوە

لە كەركووك قەدەغەی هاتوچۆ درێژ كرایەوە
ئەندامێكی شانەی قەیرانەكانی كەركووك ڕای گەیاند، لە كەركووك قەدەغەی هاتوچۆ تا كاتێكی نادیار درێژ كرایەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 10/5/2020، دلێر شوانی، ئەندامی شانەی قەیرانەكانی كەركووك، ڕايگەیاند: "شانەی قەیرانەكانی كەركووك چەند بڕیارێكی نوێى سەبارەت بە قەدەغه‌ىی هاتوچۆ لە كەركووك دەركرد، كه‌ قەدەغەی هاتوچۆ تا كاتێكی نادیار بەردەوام دەبێت لە كاتژمێر شەشی ئێوارەی هەموو ڕۆژێك تاوەكوو كاتژمێر شەشی بەیانى، هەروەها لە كاتژمێر شەشی بەیانی تاوەكوو كاتژمێر شەشی ئێوارە قەدەغەی هاتوچۆ واتا لە ڕۆژدا لەناو شار هەڵدەگیرێت، ئەویش بەشێوەیەك لە سبەی دووشەممەوە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دەكرێتە سیستەمی تاك و جووت".

گوتیشی: "بەردەوامیی داخستنی بازگەكانی پارێزگای كەركووك لەگەڵ پارێزگاكانی دیكه‌ وه‌ك خۆى ده‌مێنێتێته‌وه‌، هەروەها ناوەندەكانی خوێندن و مزگەوتەكانیش بە داخراوەیی دەمێننه‌وه‌".

پێشتر شانەی قەیرانەكانی كەركووك، بەهۆی بڵاولوونەوەی پەتای كۆرۆناوە، قەدەغەی هاتوچۆی تاوەكوو ڕۆژی شەممە 9/5/2020 درێژ كردەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنیا هەفتەی ڕابردوو لە كەركووك 35 كەس تووشی پەتای كۆرۆنا بوونە، قەدەغەی هاتوچۆی تا كاتێكی نادیار درێژ كرایەوە.













باسنيوز



Top