پەرلەمانتارێکی پارتی: خەرجیی سلێمانی مانگانە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە و گەرەنتی نییە بەغدا بینێرێت

پەرلەمانتارێکی پارتی: خەرجیی سلێمانی مانگانە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە و گەرەنتی نییە بەغدا بینێرێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، خەرجیی مانگانەی سلێمانی زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە و ئەگەر لامەرکەزیش رابگەیەنێت، گەرەنتی نییە بەغدا پارەکەیان بۆ بنێرێت.

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە وتارێکدا بەناونیشانی (پرسی دارایی لە خواستی لامەرکەزیەتدا لە نێوان واقیع و چەواشەکاریدا) ئاماژەی بەوە داوە کە لامەرکەزیەت شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە بۆ یەکە ئیدارییەکان و ئامانجی سەرەکیش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشترە. خزمەتگوزاریی باشتریش پێویستی بە داهاتێکی دیاریکراو هەیە کە بتوانێت تەواوی تێچووە ئیدارییەکانی خۆی پێ دابین بکات، بەڵام ”ئەوەی لە واقیعی دارایی و ئابووریی ئێستای هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەی کە باس دەکرێت بۆ پرسی لامەرکەزییەت ناگونجێت.

لیزا ئاشکرای کردووە کە ئەو بڕە پارەیەی ئێستا هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات، تەنیا ٣٨٣ ملیۆن دۆلارە، لە کاتێکدا مانگانە تەنیا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کە ئێستا تاقمێک بانگەشەی لامەرکەزیەتی تێدا دەکەن، زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە و بەم شێوەیە دابەش بووە:

- بۆ مووچە: ٣١٥ ملیۆن دۆلار.
- خەرجیی کارەبا: ٣٦ ملیۆن دۆلار.
- بودجەی بەکارخستن (تشغیلی): ٣٦.٥ ملیۆن دۆلار
- بەشی سلێمانی لە خەرجییە سیادییەکانی هەرێم (مووچە و شایستە داراییەکانی پەرلەمانتار، وەزیر و پلە تایبەتەکان): ١٢.٥ ملیۆن دۆلار

لیزا فەلەکەدین کاکەیی پرسیاری ئەوەی کردووە: ”گریمان لە داهاتوودا سلێمانی توانی لامەرکەزییەتی خۆی دروست بکات، گەرەنتی چییە کە بەغدا ئەو بودجەیەی بۆ دابین دەکات کە بڕەکەی زیاترە لەو پارەیەی ئێستا بۆ تەواوی هەرێمی کوردستانی دەنێرێت؟“.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە هەرچەندە لامەرکەزیەتی ئیداری بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ”بەم شێوەیەی ئێستا باس دەکرێت، جگە لەوەی کارتێکی سیاسییە بۆ چەواشەکاری، هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی قەوارەی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین) دەخاتە مەترسییەوە“.










باسنيوز



Top