جەبار یاوەر: سوپاى عێراق ناتوانێت ناوچە کوردستانییەکان بپارێزێت و رازیش نییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە
فەریق جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە راى گەیاند: " چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستى داعش جموجۆڵەکانیان زیاتر بووە و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێزە عێراقییەکان و هاووڵاتیانى سڤیل، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، سوپاى عێراقیش تواناى پاراستنى ئەو ناوچانەى نەماوە و رێگەش نادا هێزى پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە".
راشیگەیاند: " بۆشایى ئەمنیی نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بوونەتە پێگەى سەرەکى چەکدارانى داعش، دانیشتووانى ئەو ناوچانەش لە رەوشێکى دەروونى خراپدا دەژین چونکە چەکدارانى داعش رۆژانە خەڵک تیرۆر دەکەن و دەیانڕفێنن و هەڕەشەیان لێدەکەن".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئۆباڵى تێکچوونى دۆخى ئەمنى ئەو ناوچانە دەکەوێتە ئەستۆى هێزە عێراقییەکان، چونکە ئەوان ئامادە نین ئەو رێککەوتنەى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق جێبەجێ بکەن، هەرچەندە چەندین جاریش بەڵێنیان داوە".
باسنیوز
