کازمی: بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکانمان چارەسەر دەکەین

 کازمی: بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکانمان چارەسەر دەکەین


سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق رایدەگەیەنێت، حکوومەتەکەی بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەر دەکات.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 6-5-2020، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ کابینەی نوێی حکوومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، پەسەند کرد.

لە وتارێکدا، کە لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشی کرد، مستەفا کازمی تیشکی خستە سەر بەرنامەی حکوومەتەکەی، کە خۆی لە هەشت خاڵ دەبینێتەوە.

لەبارەی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، مستەفا کازمی رایگەیاند، کاری لەپێشینەی کابینەکەی، ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ئیستیسنائییە، کە دوای پەسەندکردنی لە پەرلەمان، دەوڵەتی عێراق رەچاوی مافە داراییەکانی هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە خاڵێکی دیکەی کارە لەپێشینەکانی، ئاماژەی بە کارکردن بۆ راگرتنی هاوسەنگیی رێژەی پێکهاتەکانی شیعە، سوننە، کورد، تورکمان، مەسیحی و هتد. لەناو سوپای عێراق، کردووە.

مستەفا کازمی لەبارەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە، بەغدا بە هەماهەنگیی هەولێر کار دەکا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان و رێزگرتن لە رێککەوتنەکانی نێوانیان،کە بەپێی دەستوور واژۆ کراون.









باسنيوز
Top