بەرپرسێکی سەربازیی یەکێتی بە فیشەک چەند کارمەندێكی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانی بریندار كرد
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕەکی ئاشتیی شاری سلێمانی، بە ھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، ھاووڵاتییەک پەیوەندی بە پۆلیسی فریاکەوتنەوە كرد، لە کاتی چوونی ھێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە، لیوایەکی یەكێتی بە ناوی دارای کوێخا عەبدوڵا لەگەڵ کوڕەکەی شەڕی دەستەویەخەیان لەگەڵ ھێزەکەی پۆلیسی فریاکەوتن كرد، کوڕی لیوایەکەی یەکێتی، تەقەی لە ھێزی پۆلیس كرد، بەم ھۆیەوە پۆلیسێک فیشەک بەر قاچی كەوت، پۆلیسێکی دیکەش بە لێدانی دەستەویەخە، بە سەختی بریندار بوو.
بە پێی زانیارییەکان، لیوایەکەی یەکێتی و کوڕەکەی دەستگیر کراون و ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی بەختیاری کراون، بەڵام لەبەردەم بنکەی پۆلیسی بەختیاری، دوای شەڕێکی دیکەی دەستەویەخە، چەند کەسێکی نزیک لە لیواکەی یەکێتی، جارێکی دیکە تەقەیان لە ھێزەکەی پۆلیس كرد، دوو فیشەک بەر کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ كەوت، ھەروەھا دوو پۆلیسی دیکە بەھۆی شەڕی دەستەویەخەوە بریندار بوون، بەم شێوەیە لیواكە و كوڕەكەی خۆیان دەرباز كردووە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لیواکەی یەکێتی بە ھۆکاری ئەوەی لەناو یەکێتی پشتیوانی دەکرێت، تا ئێستا خۆی و کوڕەکەی لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر نەکراون.
باسنیوز
