ڕوونکردنەوەیەک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی خۆدزینەوەی سۆران عومەری پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە داواكاری گشتی، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە چەندین تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەمای ئاراستەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکی داواکاری گشتی داوای کردووە کە پەرلەمانتاری ناوبراو بەڵگەی پێویست لە بارەی تۆمەتەکانی، رادەستی لیژنەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات و راستی تۆمەتەکانی بسەلمێنێ، ئەگینا تۆمەتەکانی دەچنە خانەی بوختان و ناوزڕاندن و سەرەنجام رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە. بەڵام دوای چەندین جار ئاگادار کردنەوە، ناوبراو هیچ بەڵگەیەکی لەسەر تۆمەتەکانی پێشکەش نەکردووە و خۆی دەدزێتەوە، بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێکارەکان بگیرێتەبەر تا راستییەکان روون ببنەوە و سنوورێکیش بۆ ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنی ناوبراو دابنرێت".
فەرمانگە فەرمییەكەی حكوومەت هەروەها دەڵێ "خەڵکی کوردستان دەزانن سەرۆکی حکوومەت لە رابردوودا چەند پشوودرێژ بووە بەرامبەر ناوزڕاندن و تۆمەتی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەڵام خەریکە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەک کە لە پەنای کاری پەرلەمانتاری، بۆ مەبەستی سیاسی رای گشتی چەواشە دەکرێت".
لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەشدا هاتووە "بۆ ئاگاداری هەموو لایەکیش، بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامیەتی پەرلەمانی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی یاسایی و مەدەنییە، هەر کاتێک پەرلەمانتار یاسا پێشێل بکات، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ماددە ( 24 ) پارێزبەندی لەسەر هەڵدەگیرێت، تاکو دادگا بتوانێت لە رووی یاساییەوە رێکار و رێچکەی خۆی بگرێتەبەر و کەسی پێشێلکار ڕووبەرووی یاسا بکرێتەوە".
باسنيوز
