فارس عيسا: سبەی شاندی ھەرێمی کوردستان دێتە بەغدا

فارس عيسا:  سبەی شاندی ھەرێمی کوردستان دێتە بەغدا


سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراق رای گەیاند، سبەی دووشەممە ٤ی ئایاری ٢٠٢٠، شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە (باسنیوز)ی راگەیاند، شاندەکەی هەرێمی کوردستان سبەی دووشەممە سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجی گەڕانەوەی شاندەکە بۆ بەغدا، درێژەدانە بە گفتوگۆکانی هەفتەی رابردووی نێوان هەردوو حکوومەت لەبارەی پرسی نەوت و وزە و بودجە.

لە بارەی رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان ھەردوولا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە ”ئەمجارە ھەرێمی کوردستان بۆ گەیشتنە ئەنجامی کۆتایی، بە ئاراستەی رێککەوتن دێتەوە بەغدا“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەممە ٢ی ئایاری ٢٠٢٠ی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان کردبوو، جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا کرایەوە بە ئاراستەی پاراستن و دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەوەش ئاشکرا کرا کە بڕیاریە لەم هەفتەیەدا بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان، شاندەکە دووبارە سەردانی بەغدا بکاتەوە.








باسنيوز
Top