تاقمەکەی لاهوور جەنگی دەیانەوێ هەمان چارەنووسی کەرکووک ڕووبەڕووی سلێمانی بکەنەوە
لە هەفتەی رابردووەوە، تاقمە خۆفرۆشەکەی لاهوور جەنگی، لە ڕێگەی میدیاکانیان و دارودەستەکانیان لە نێو حزبەکانی دیکەوە، هەڵمەتێکی چڕیان دەست پێکردووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئەگەر سلێمانی سەر بە هەولێر نەبێت و لامەرکەزیەتی هەبێت کە بە ئاشکرا گەڕانەوەیە بۆ باوەشی عێراق، دۆخی باشتر دەبێت و دەتوانن مووچە دابین بکەن.
چاودێران پێیانوایە کە ئەم هەنگاوەی تاقمەکەی یەکێتی، درێژکراوەی سیاسەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرە و ئامانجی بچووککردنەوە و پارچەکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، لە ئەنجامیشدا سلێمانیش بە دەردی کەرکووک دەبرێت.
هەرچەندە لە سەروبەندی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧شدا، یەکێتییەکان دەهۆڵی باشتربوونی رەوشی ژیانی خەڵکی کەرکووکیان لێدەدا، کەچی لە یەکەمین هەنگاودا، لایەنی عێراقی خودی بارەگاکانی یەکێتی چەک کرد و لاهوور جەنگیش کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن سنووری بەرامبەر راکان جبووری بەزاند کە هەر لە ئەنجامی خیانەتەکەی ئەوان ببوو بە پارێزگاری کەرکووک، لە شارەکە گەڕێندرایەوە بۆ سلێمانی. تەنانەت پەیکەرێکی مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی و سەرکۆماری پێشووتری عێراق کە لە قەڵای مێژوویی کەرکووک دانرا، لە لایەن ئیدارەی شارەکەوە بە زەبری هێز لابرا.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: ”دەنگێکی ناشاز باسی لامهركهزیهتی ئیداری و دارایی دەکات، ئەمە داوایەکی زۆر خراپه و دەیانەوێت کەرکووکێکی دیکە دروست بکەن، ئیرادهمان بههێزه و ئەمەی کاری بۆ دەکەن جێبهجێ نابێت، له وێستگهیهكی مێژوویین، دهبێت به یهكگرتوویی بمێنینهوه".
لەمبارەیەوە جەلال محەمەد ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان و بڕیاردەری لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئەوەی ھەر پارێزگایەک لامەرکەزی ھەبێت، پێوستی بە چەند رێکارێکی یاسایی و بڕیاری پەرلەمان هەیە. گوتیشی: ”لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە ناتوانرێت مووچە دابین بکرێت، تەنانەت لە رووی داراییشەوە سەربەخۆیی دارایی تەواوی نابێت“.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان جەختی کردەوە کە ئەوان پشتیوانی لە لامەرکەزییەکی ئیداری دەکەن کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
هاوکات بەهمەن عومەر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی لە وتارێکدا رای گەیاند، ”ئەگەر دەتانەوێت وەك كەركووك و مووسڵ و بەسرە و ھەر پارێزگایەكی دیكە، ناوچەکەتان ببێت بە بەشێك لە عێراق؟ ئەگەر دەتانەوێت وەك مووسڵ و بەسرەتان لێبێت، بچن سەرێك لە ئاستی پێشكەوتنی ئەوان بدەن“. جەختیشی کردەوە: ”برادەرانی یەكێتی دەیانەوێت بڵێن لە بەغدا دەسەڵاتیان زۆرە و ئەو دەسەڵاتە بۆ خزمەتی سلێمانی بەکار دەهێنن، بەڵام ئەوان چیان بۆ كەركووك پێ كرا، ھەر ئەوەشیان بو سلێمانی پێ دەكرێت“.
ئەم لامەرکەزیەتەی تاقمەکەی لاهوور جەنگی بانگەشەی بۆ دەکەن، تەنانەت یەکێتییەکانیش پێی ڕازی نین، لەم چوارچێوەیەدا قادر ڕەزگەیی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ڕاپەڕینی یەكێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ”خەڵكی عەوامی سەر شەقام و بەشێك لە كاربەدەستە باڵاكانیش واتێگەیشتوون، ئەگەر لامەركەزییەت هەبێت، دەتوانێت تایبەتمەندی هەبێت، ئەوکاتە ژیانی پارێزگەیەک لەچاو پارێزگایەکی دیکە جیاواز دەبێت، بەڵام ئەوە ھەڵە تێگەیشتنە لە لامەرکەزییەت، چونکە کێشەکان بە لامەرکەزییەت چارەسەر ناکرێن“. جەختیشی کردەوە: ”ئەگەر لامەرکەزییەت تەنھا بۆ ئەوە بێت کە پارێزگایەکی دیاریکراو بەبێ گەڕانەوە بۆ ھیچ مەرجەعێکی کارگێڕی و حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان، مامەڵەیەکی سەربەخۆ لەگەڵ بەغدا بکات، بێگومان پێگەی ھەرێمی کوردستان لاواز دەکات، ڕیزەکانمان دەشێوێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەت بۆ نەیارەکانی کورد دەخوڵقێنێت“.
لەبارەی دۆخی کەرکووک کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هەر تاقمەکەی لاهوور جەنگی رادەستی هێزەاکنی عێراقیان کرد، سهید حهسهن شێخانی، بهرپرسی مهڵبهندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕاى گهیاند: ”له دواى خیانهتى 16ى ئۆكتۆبهری 2017ەوە، سوپاى عێراق و حهشدى شهعبى شاری کەرکووکیان داگیر کردووە و رۆژانه كاربهدهستانى كورد له دامودهزگاكان دوور دهخهنهوه، خهڵك تیرۆر دهكهن و دهڕفێنن“.
سەید حەسەن مەترسیی خۆی لە سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵی داعش لە سنووری کەرکووک نیشان دا و رایگەیاند، مەترسیی تێکچوونەوەی بارودۆخی کەرکووک هەیە، چونکە داعش بەهۆی نەمانی پێشمەرگە لەو ناوچانە، دووبارە خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە.
باسنیوز
