حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاڕی دا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاڕی دا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت
ئەمڕۆ شەممە 2020/5/2، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی حکوومەتی هەرێم کە هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان کردبوو کۆبووەوە.

لە کۆبوونەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی شاندەکە و ئەندامانی شاندەکە ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لە گەڵ کاربەدەستەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو، جەخت لە سەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا کرایەوە بە ئاراستەی پاراستن و دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا بۆ درێژەدان بە دانوستان، شاندەکە دووبارە سەردانی بەغدا بکاتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا دۆخی دارایی ئێستای حکوومەت تاوتوێ کراو سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرایەوە، هەروەها بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حکوومەتن، رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت دەست پێبکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکەدا، سەبارەت بەو داواکارییانەی کە ئێستا لە بارەی لامەرکەزی ئیداریی لە ئارادان، لایەنە بەشدارەکانی حکومەت جەختیان لەوە کردەوە کە پرسی لامەرکەزی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی حکومەت، بە شێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەختیشیان لە یەکپارچەیی کیانی هەرێمی کوردستان و دژایەتی هەرجۆرە هەوڵێک بۆ دوو ئیدارەیی کردەوە.










باسنيوز


Top