بەدواداچوون بۆ پەنابەرە بێسەروشوێنەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت

بەدواداچوون بۆ پەنابەرە بێسەروشوێنەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت
سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان ژمارەی پەنابەرە بێسەروشوێنەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرا دەکات و ڕاشی دەگەیەنێت کە دۆسیەی بەدواداچوونەکانیان تەواو کردووە و ئاراستەی لایەنی پەیوەیندیداریان کردووە.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران ڕایگەیاند: "بەداخەوە لە ماوەی ڕابردوودا سەدان پەنابەر و ئاوارەی ھەرێمی کوردستان و عێراق کە ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە بەھۆی خراپیی باردودۆخی ڕێگا و مامەڵەی قاچاخچییەکانەوە، گیانیان لەدەست داوە، یان بێسەروشوێن بوون".

گوتیشی: "لەو ماوەیەدا توانیومانە ھاوکار و یارمەتیدەرێکی باشی پەنابەران و کەسوکاریان لەناوخۆو دەرەوەی وڵات بین و ھەوڵەکانمان بۆ گەڕانەوەی تەرمی قوربانییەکان خستووەەتە گەڕ و زیاتر لە (٢٤٠) تەرممان بۆ زێدی خۆیان گەڕاندووەتەوە و ھۆکاریش بووین بۆ گەڕانەوەی سەدان پەنابەری دیکە بە سەلامەتی بۆ ناو کەسوکاریان".

ئاری جەلال باسی ئەوەشی کرد کە ئێستا دۆسیەی زیاتر لە ١٧٠ ھاووڵاتی پەنابەری بێسەروشوێن بە کراوەیی ماوەتەوە کە لە ڕووداوەکانی (دەریای ئایۆن، دەریای ڕەش، دەریای ئیجە، دەریای سپی و رووباری مەریج) لە ماوەی ڕابردودا بێسەروشوێن بوون، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی زانیارییەکانیان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان و باڵوێزخانەکانی عێراق و پۆلیسی نێودەوڵەتی کراوە و چاوەڕێی ئەنجامی بەدواداچوونەکان دەکەین".










باسنیوز


Top