عێراق.. ئيدانه‌ی سووكایه‌تیی پرۆگرامێكی كۆمیدی به کوردانی ئێزدی ده‌كرێت
دوای ئه‌وه‌ی زنجیره درامای كۆمیدی "بنج عام"، كه له كه‌ناڵی "UTV"ی عێراقی په‌خش ده‌كرێت، له ئه‌ڵقه‌یه‌كدا باسی كه‌نیزه‌ك و رفاندنی ئافره‌تانی ئێزدی كردبوو، به‌رنامه‌كه رووبه‌ڕووی ره‌خنەی زۆر بووه‌وه و چالاكوانانی ئێزدی ئه‌و به‌رنامه‌یان به سووكایه‌تیكردن به پیرۆزیی ئاینه‌كه‌یان و په‌یڕه‌وانی ئێزدیی له قه‌ڵه‌مدا.
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و گه‌شتوگوزار و شوێنه‌واری عێراق له به‌یاننامه‌كه‌یدا، داوای كردووه، له كاری هونه‌ریدا تا ئه‌وپه‌ڕی راده ره‌چاوی پێكهاته و سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی بكرێت و نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك سووكایه‌تی به ئایین و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه بكرێت.
پێشتریش، ڤیان ده‌خیل، ژنه په‌رله‌مانتاری پێشووی ئێزدی، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌خنه‌ی توندی له ده‌رهێنه‌ری ئه‌و به‌رنامه كۆمیدییه گرت و رای گه‌یاند، رێگه‌ی دادگا ده‌گرێته به‌ر و سكاڵا له‌دژی ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر و به‌رپرسانی ئه‌و كه‌ناڵه تۆمار ده‌كات.
ڤیان ده‌خیل راشی گه‌یاند، ئه‌و به‌رنامه‌یه به شێوه‌یه‌كی ناشایسته و نادروست و بازاڕیانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێش و ئازار و مه‌ینه‌تی خه‌ڵكی ئێزدی كردووه.
باسنيوز
