ئەمڕۆ 1ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە

 ئەمڕۆ 1ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە


ڕۆژی جیھانیی کرێکاران، یان ڕۆژی 1ی ئایار (بە ئینگلیزی:International Workers' Day) بە ڕۆژی جیهانیی جەژنی کرێکاران ناسراوە و دەکەوێتە ١ی ئایاری ھەموو ساڵێک ئەو ڕۆژە لە نزیکەی ھەشتا وڵاتی جیھان پشووی فەرمییە، لەم ڕۆژەدا کرێکاران و بزووتنەوە کرێکارییەکان لەوانە سۆسیالیزم و کۆمۆنیستەکان و پارت و لایەنە چەپەکان بە ڕێپێوان و چالاکی و یادی ڕۆژەکە دەکەنەوە.



مێژووی ڕۆژی کرێکاران

لە ساڵی ١٨٥٦ دا کرێکارانی ئۆسترالیا لە پێناو چەسپاندنی ٨ سەعات کار لە ڕۆژێکدا کۆبوونەوە. ئەم ڕۆژەی ئەو مەراسیمەیان تێیدا بەرپا کرد ٢١ ی نیسان بوو. لە سەرەتادا کرێکارانی ئوسترالیا بە تەنھا ساڵی ١٨٥٦ یان لەبەرچاو گرتبوو، بەڵام مەراسیمی یەکەمین ساڵ کاریگەری گرنگی دانا لە سەر جەماوەری پرۆلیتاریای ئوسترالیا، ھەر بۆیەش وا بڕیار درا ھەموو ساڵێک بکرێتەوە.



ڕووداوی شیکاگۆ

لە یەکی ئایاری ١٨٨٦دا، زیاتر لە ٣٤٠٫٠٠٠ کرێکار لە ئەمریکا دەستیان لەکار کێشایەوە، تەنیا لە شیکاگۆدا ھەژماری کرێکارانی مانگرتوو ٤٠٫٠٠٠ کەس بوو. چەند ڕۆژ دواتر پۆلیس لە مەیدانی ھایمارکت دەستیان بە ڕەشەکوژی کرد. سەرەنجام لەو پێکدادانەدا زیاتر لە ٧ کەس کوژران، لەلایەکی دیکەوە لە راگەیاندنەکانی دەوڵەتدا ڕاگەیەندرا، کە ئەفسەرێکی پۆلیس بەھۆی بۆمبی دەستی ئەنارکیستێکەوە کوژراوە.

دوای ماوەیەکی زۆر لە شەڕ و توندتیژی دواجار کۆنگرەی دامەزراندنی "ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی" سۆسیال دێمۆکرات لە ساڵی ١٨٨٩دا بڕیاری دا ١ی ئایاری بکرێتە "ڕۆژی خەباتی کرێکارن" ساڵانەی بزووتنەوەی کرێکاری و لەو کاتەوە ئەم ڕۆژە بە کۆبوونەوەی جەماوەری و مانگرتن دەستی پێ کردووە.

بەڵام ھەروەھا ھەر لە دەستپێکەوە لەناو بزووتنەوەکەدا ڕەخنەش لە١ی ئایار ھەبوو لە فەرەنسە لە ساڵی ١٨٩٢دا ھەژمارێکی زۆر لە ئەنارکیستەکان ڕەخنەیان لەو کەمپەینە گرت، لەوانە سیباستیان فۆرێ، وتی "چیتر ئەمە ڕۆژێکی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو سەکۆیەکی دەستەمۆ کراوە بۆ ھەڵبژاردنی دەسەڵاتخوازان، تا لەڕێگەی دەنگی کرێکارانەوە بۆ پەرلەمان ھەڵببژێردرێن".

ساڵی ١٨٩٣ لە کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکاندا لە فەرەنسا لە شاری مارسێلیا جارێکی دیکە ئاراستەی خەباتکارانی ١ی ئایار وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری لەسەر کرایەوە، شتێک کە زیاتر دابڕانی لە پارتی سۆسیال دێمۆکرات واوەتر بەرەوپیش برد. دواتر ساڵی ١٨٩٦ کاتێک کە ئەندامانی ئەنارکیست لە نێونەتەوەیی دووەمدا لە لەندەن لەبەر ڕەتکردنەوەی پارلەمانتاریزم دەرکران، ئەو لێکدابرانە فراوانتر بوو.

لە بەشە جیاجیاکانی کوردستانیش بەهۆی ژێردەستەیی و هەڵاواردنی سیاسی، چینایەتی و کۆمەڵایەتی، چەندین پارت و حزبی کرێکاری سەریان هەڵداوە و بۆ ئازادیی کرێکاران و مافەکانیان خەبات دەکەن.

لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان، بەپێی سیاسەت و ڕەوش و بارودۆخی ئەو وڵاتانە کرێکاران لە ڕەوش و ژیانێکی خراپ و ناجێگیر دان.







باسنیوز
Top