پارێزگاری هەولێر لە نەخۆشخانە سەردانی هونەرمەند "سەعید گاباری" کرد
ئیوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.4.30 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەنەخۆشخانە هونەرمەندی ناوداری كورد "سەعید گاباری"ی بەسەرکردەوە کە بەهۆی نەخۆشییەوە لە هەولێر لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
پارێزگاری هەولێر لەسەردانەکەیدا وێڕای ئەوەی لە ڕەوشی تەندروستی هونەرمەند "سەعید گاباری"ی پرسی، هیوای تەندروستیەکی باش و زوو چاکبوونەوەیان بۆ خواست و ئامادەیی هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی نیشاندا بەمەبەستی چارەسەرکردنی، داواشی لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکە کرد هەموو خزمەتێکی تەندروستی پێشکەش بکەن و تەواوی توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی باری تەندروستی بەرە و باشتر بڕوات.
جێگەی باسە چەند ڕۆژێکە هونەرمەندی ناوداری كورد "سەعید گاباری" لە نەخۆشخانەی هەولێرە و لە ژێر چاودێری وردی پزیشکدایە و لە زمان کەوتووە، بهپێی زانیارییه پزیشکییەكان، توشی نهخۆشی شێرپهنجهی سییهكان بووه.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2020.4.30
.
