دكتۆر بەشیر حەداد : بابەتی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە چارەسەر دەبێت
حەداد ڕایگەیاند: "بابەتی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە چارەسەر دەبێت و ئەوان وەکو دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، کە یەکێک لەو کارانەش بەدواداچوون و چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند: "دواخستن و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کارێکی نایاساییە و جێگای قبوڵ کردن نییە، چونکە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ و دوای گلدانەوەی بەشە نەوتی رادەستنەکراو، پێویستە لەسەر حکومەتی فیدراڵ ئەو بەشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە دەمێنێتەوە بینرێت".
گوتیشی: "دوای ئەوەی نووسراومان کرد بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی کار بە نوسراوی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نەکات بۆ راگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا خەریکە کێشەکان چارەسەر دەبن چونکە ئەو نوسراوەى ئێمه پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی بتوانێت کاری لەسەر بکات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت".
حەداد ئاماژەی بە ئەوەش دا کە ئەوان لەسەر کاری خۆیان بەردوام دەبن و بەرگری لە ماف و قووتی خەڵکی کوردستان و تەواوی گەلی عێراق دەکەن، قسەی نابەجێ و نەشیاوی ژمارەیەک کەسیش ساردیان ناکاتەوە.
ڕاشیگەیاند: "هەر کارێک پێویست بێت، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و مافەکانی گەلی کوردستانی لە بەغدا دابین بکەین، دەیکەین و سڵی لێ ناکەینەوە.”
باسنیوز
