قایمقامى هەولێر: رەنگە رێککارەکانى خۆپارێزى توندتر بکەین
قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر رایگەیاند دواى ئەو ئاسانکارییەى بۆ هاووڵاتییان کرا، هاووڵاتییان وەکو پێویست پابەندیی رێنماییەکانى خۆپارێزى نابن بۆیە ئەگەر رەوشەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێ ناچارین رێککارەکان توندتر بکەین.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر و ئەندامى ژوورى ئۆپەراسیۆنى بەرەنگاربوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى کەمبوونەوەى ژمارەى توشبووانى پەتاى کۆڕۆنا و لە بەر بەرژەوەندى هاووڵاتییان، بڕیاردرا ئاسانکارى تەواو بۆ هاتوچۆى هاووڵاتیان و کاسبکاران بکرێت و بەشێکى زۆرى بازاڕ و مارکێتەکان کرانەوە، بەڵام ئەوەى جێى نیگەرانییە بەشێکى زۆرى هاووڵاتیان پابەند نین بە رێنماییەکانى خۆپارێزى".
راشیگەیاند: "بە ئامانجى جێبەجێکردنى رێنماییەکان و پاراستنى تەندروستى هاووڵاتیان، لێژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەت و هەولێر بەردوامن لە چاودێرى بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و تەنیا دوێنێ زیاتر لە 30 شوێن لە سەنتەرى شارى هەولێر داخراون، بەهۆى پابەند نەبوون بەرێنماییەکانەوە".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەیە بڕوات و هاووڵاتیان رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى جێبەجێ نەکەن، ناچارین رێککارەکان توندتر چونکە هێشتا مەترسییەکانى پەتى کۆڕۆنا هەرماوە و تەنیا ئەمڕۆ لە هەولێر 11 حاڵەتى تازە تۆمارکرابوون، کە یەکێک لەوانە گیانى لەدەست داوە".
باسنيوز
