ئاوامێدیکا 140 جۆر دەرمان هەناردەی یەمەن دەکات

ئاوامێدیکا 140 جۆر دەرمان هەناردەی یەمەن دەکات
کۆمپانیای ئاوامێدیکا لە هەرێمی کوردستان 140 جۆر دەرمان هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکات. کۆمپانیایەکی یەمەنی گرێبەستی کڕینی دەرمانی لەگەڵدا واژوو کردووە.

140 جۆر دەرمان بە بڕی حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لە سێ ساڵدا لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەوە هەناردەی یەمەن دەکرێت.

د. شاخەوان زاهر، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە کۆمپانیای ئاوا مێدیکا رایگەیاند، "لە دوو سێ مانگی رابردوودا لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک لەسەر هێڵ بووین تاوەکو بگەینە رێککەوتنێک لەگەڵ باشترینیان کە هاتن کوالێتیی ئاوامێدیکایان تاقیکردەوە و کوالێتییەکە لە ئاستێکی پەسنددا بوو".

تاقیگە شادەماری کارگە و بەرهەمهێنانە. لە کارگەی کۆمپانیاکەدا ماددەی خام بە هەموو فیلتەرەکاندا تێدەپەڕێت. بە پێوەری جیهانی دروستدەکرێن کە پێوەرەکانی بریتیش فارماکۆپی و یوئێس فارماکۆپی دوو ستانداردی جیهانین بۆ هەڵسەنگاندنی ماددەی خامی تایبەت بە دەرمان.

هیوا عبەبدولڕەحمان، جێگری بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنترۆڵی کۆمپانیای ئاوامێدیکا دەڵێت، "بەپێی ستانداردە جیهانیەکان ئەو ماددانە هەموو تاقیکردنەوەکانیان بۆ دەکرێت. تاقیکردنەوەی ئەکتیڤی، رێلەیتیڤیتی، ئەوەی ماددەکە چەند خاوێنە و مایکرۆبایۆلۆجی. هەروەها چەند تاقیکردنەوەیەکی خۆی هەیە و هەر ماددەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە. کاتێک لەوانە هەموو دەرچوو، لە بەشی کوالێتی کۆنترۆڵ دەچێت بۆ بەشی بەرهەمهێنان".

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە نیازن لە داهاتووی نزیکدا بەرنامەی وەبەرهێنانی ساڵی 2020 بخەنەڕوو کە گرنگیدانە بە بەرهەمی کارگە نێوخۆییەکان بۆ بەرهەمهێنانی نێوخۆیی و دواتر هەناردەکردن.

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بێگومان ئێمە لە هەنگاوی یەکەمدا کە بەرنامەی وەبەرهێنان رادەگەیێنین، ئەوەیە کە ئێمە لە کوردستان بەشی پێویستیی خۆمان دروستبکەین. زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەرەستانەی پێشتر هاوردەی کوردستان دەکران، لە کوردستان بەرهەمیان بهێنین و ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە".

کۆمپانیای ئاوامێدیکا لە ساڵی 2006ـەوە دامەزاراوە و لە ساڵی 2009وە دەستی بە بەرهەهێنانی دەرمان کردووە.

لەگەڵ دابینکردنی بەشێک لە دەرمانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاوامێدیکا بەرهەمەکانی هەناردەی بەشەکانی دیکەی عێراقیش کردووە. لە هەرێمی کوردستان 106 کارگە بەرهەمەکانیان هەناردەی ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەکەن و دوو کارگەیش بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوەی عێراق دەکەن.






رووداو
Top