بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر چەند زانیارییەک ئاشکرا دەکا
عمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ڕێژەی تاوان لە هەولێر کەمی کردووە، گوتی: "لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆدا بازاڕ و دوکانەکانمان پاراستووە، تاوان لە هاولێر هەبووە، بەڵام ژمارەی تاوانەکان بەراورد بە پێشووتر کەمبووە، تیمەکانی پۆلیس تاوانبارانیان دەستگیر کردووە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاشکراشیکرد، کە قەدەغەی هاتوچۆ کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان، گوتیشی: "قەدەغەی هاتوچۆ ڕۆڵی هەبووە، بەڵام تاوانباران بایی خۆیان تاوانیان کردووە، ئەوەی گرنگ بووە هیچ تاوانبارێک نەیتووانیووە له ژێر دەستی پۆلیس دەربازی ببێت، هیچ تاوانبارێک نەبووە تاوانی کردبێت دەستگیر نەکرابێ".
دلێر نەجاڕ، جەختی کردەوە، ئێستاش کە هەندێک لە ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ ئاسانکاریان تێدا کراوە، بەڵام تێمەکانی پۆلیس شەو و ڕۆژ لە ئەرکی خۆیان بەرداوامن، گوتیشی: "بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە کاتژمێر 6ی ئێوارە بۆ 12ی شەو قەدەغەی پیادە و ئۆتۆمبێلە، تیمەکانی پۆلیس لەو ماوەیە بازگە دادەنێن له شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان، جگە لەوەی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر تیمەکانمان ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر تاوانبارێک".
باسنیوز
