مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد
لە دیدارەکەدا کە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق دکتۆر ئەدهەم ئیسماعیل ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکوومەتی بەغدا و جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
روونیشیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو کە سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدرالی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکوومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکوومەتی فیدرالیش بڕی 900 نۆسەد ملیۆن دۆلار وەک مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی نەبوو.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت حکوومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت کە ئەمە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە.
لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش، سەرۆکی حکوومەت هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ستایشی رێکارەکانی خۆپارێزی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە.
باسنيوز
