محەمەد وەتمان: هەقە نەهێڵدرێ ئەو پەرلەمانتارانەی بوونەتە هۆی راگرتنی مووچە بێنەوە کوردستان
محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، ھەر پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا یان ھەر کەس و لایەنێکی دیاریکراو ھەوڵی بڕینی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی دابێت، ”تاوانێکی گەورەی بەرامبەر بە گەلی کورد کردووە“.
هاوکات بە پێویستی زانی، لە ڕێگەی ”لێژنەیەکی کارا“وە، بەدواداچوونی جددی بۆ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بکرێت و ”ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک لەسەر پشکی کورد ھەوڵی بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی دابێت، ھەقە نەھێڵن ئەو پەرلەمانتارە بگەڕێتەوە کوردستان“.
محەمەد وەتمان دووپاتی کردەوە: ”ھیچ ناوێک شک نابەم بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی کار بۆ بڕینی بودجەی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەگەر براکەی خۆت خراپەت لەگەڵدا بکات، دیارە ئەو برایە لە دوژمنەکەت خراپترە! بۆیە ئەو پەرلەمانتارانە تاوانێکی گەورەیان بەرامبەر ئەم میللەتە کردووە“. گوتیشی: ”ئەگەر ئەوان خۆیان بە شەرمەزار نازانن، ھەقە شەرمەزار بکرێن و ئەگەر ئەوان ھۆکار بن بۆ بڕینی بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان، ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ئەم خاکە، چونکە ئێمە خەبات و تێکۆشانمان بۆ خۆشگوزەرانیی میللەتەکەمان کردووە، نەوەکوو چەند پەرلەمانتارێک کار بکەن بۆ بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند پەرلەمانتارێکی کورد، بەتایبەتیش هەریەک لە (سەرکەوت شەمسەدین، ئەحمەدی حاجی رەشید، هۆشیار عەبدوڵا، کاوە محەمەد، ڕێبواری کەریم، غالب محەمەد و چەند کەسێکی دیکە) لە ماوەی رابردوودا چەندان جار و بە چەندان شێوە خۆیان بە ڕێگەی جۆراوجۆر هەوڵی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان داوە کە یەکێک لەو هەوڵانەیان، تۆمار کردنی سکاڵا لە دژی وەزیری دارایی عێراق بووە بەهۆی ئەوەی مووچەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
باسنیوز
