روونکردنەوەیەک لە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

روونکردنەوەیەک لە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان


رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦/٤/٢٠٢٠ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیمان ئەنجامدا سەبارەت بە چەند راپۆرتێکی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و ژمارەیەک کەیسی رۆژنامەوانی لەوانەش کەیسی مستەفا سەلیمی.

لەبارەی كەیسی مستەفا سەلیمی ئێمە گوتومانە دوای بەدواداچوون و وردبوونەوە لە تۆماری داتای بەردەستی ئاسایشی سلێمانی و نشینگە و دەروازە سنوورییەكان هاتنی هیچ كەسێك بە ناوی (مستەفا سەلیمی) تۆمار نەكراوە.

ھەروەک پێشتریش لە راگەیاندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی ئەم بابەتە روونکرابۆوە، بۆیە ھاتن یا نەھاتنی مستەفا سەلیمی لەلایەن ئەو لیژنەیە یەکلا دەکرێتەوە کە لەسەر راسپاردەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەدواداچوونی ئەم کەیسە پێک ھێندراوە و چاوەڕوانی ئەنجامەکانی بەدواداچوونی راپۆرتی ئەو لیژنەیەین.

ئێمە ئاماژەمان بە بەیاننامەکەی ئاسایشی سلێمانی و بەدواداچوونی نووسینگەکەمان کردووە لەگەڵ لایەنی فەرمی سەرەوە بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەکان.

لە هەندێک دەزگای راگەیاندن وەک خۆی بڵاو نەکراوەتەوە و مانشێتی تایبەت بەم کەیسەیان بەشێوەیەک بەکار ھێناوە کە مانا و ناوەڕۆکی بابەتەکەیان پوختکراوەتەوە و ناوەڕۆکی قسەکانمان بە بەراورد لەگەڵ مانشێتەکەیان یەک ناگرێتەوە.

لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چاوەڕوانی راگەیاندنی دەرەنجامی بەدواداچوونی لیژنەی سەرەوە دەکەین سەبارەت بەم بابەتە.
Top