بەرپرسێکی نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغدا: بۆ چارەسەرکردنی بەشە مووچەی فەرمانبەران لەسەر هێڵین
بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان له نوێنهرایهتیی حكوومهتی ههرێمی کوردستان له بهغدا رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی عێراقی “لەسەر هێڵین” بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەی لەبارەی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.
ڕوونیشی کردەوە کە هاتنی شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێشتر بۆ هەمان بابەت بووە و “ئێستا دەرئەنجامەکانی لە هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت”.
پێشتر محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، ئەم بڕیارەی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە لە عێراق دراوە، کاتییە و ”لەگەڵ بڕیارەکانی پێشوو کە سیاسی بوون، جیاوازە“.
ڕوونیشی کردەوە، ”ئەو بابەتەی ئێستا لە نێوان بەغدا و هەولێر هاتووەتە ئاراوە، پەیوەندی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراقەوە هەیە“.
ئیلخانی جەخت دەکاتەوە کە ”لە نزیکترین دەرفەتدا ئەم دۆخە ئاسایی دەبێتەوە و دارایی هەرێمی کوردستانیش بۆ دۆخی پێشووی خۆی دەگەڕێتەوە“.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باشکردنی دۆخی بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندایە و کاری بۆ دەکات.
باسنیوز
