بڕیاردەری لێژنەی دارایی: ئەم دۆخە ئابوورییە لە نزیکترین کاتدا ئاسایی دەبێتەوە

 بڕیاردەری لێژنەی دارایی: ئەم دۆخە ئابوورییە لە نزیکترین کاتدا ئاسایی دەبێتەوە
بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم دۆخە ئابوورییە ئاسایی دەبێتەوە کە لە هەرێمی کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە.

محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند، ئەم بڕیارەی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە لە عێراق دراوە، کاتییە و ”لەگەڵ بڕیارەکانی پێشوو کە سیاسی بوون، جیاوازە“.

ڕوونیشی کردەوە، ”ئەو بابەتەی ئێستا لە نێوان بەغدا و هەولێر هاتووەتە ئاراوە، پەیوەندی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراقەوە هەیە“.

ئیلخانی جەخت دەکاتەوە کە ”لە نزیکترین دەرفەتدا ئەم دۆخە ئاسایی دەبێتەوە و دارایی هەرێمی کوردستانیش بۆ دۆخی پێشووی خۆی دەگەڕێتەوە“.

ئەوەشی دووپات کردەوە کە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باشکردنی دۆخی بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندایە و کاری بۆ دەکات.





باسنیوز
Top