لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی نیسک گران بووە
محەممەد سڵێمان 16 ساڵە دووکاندارە و لە بازاڕی زاخۆدا بە تاک و کۆ وشکە دەفرۆشێت. هاتنی مانگی رەمەزان بازاڕی ئەوی گەرم کردووە و کڕیاران زیاتر نیسک دەکڕن.
محهممهد سڵێمان، فرۆشیارە و دەڵێت، "نیسیکی فەل پێشتر کیلۆی بە 750 دینار و کەمتریش بوو. کیسەی 10 کیلۆیی پێشتر بە حەوت هەزار بوو، ئێستا بە 13 هەزار دینارە".
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ساڵانە 80 هەزار تا 90 هەزار تۆن نیسک هاوردە دەکرێت کە زۆربەی لە تورکیاوە دەهێنرێت و لە مانگی رەمەزاندا 50 هەزار تەن دەفرۆشرێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی راگەیاند، "هۆکاری گرانبوونەکە ئەوەیە کە هەندێک لەو وڵاتانەی نیسکیان لێوە هاوردە دەکرێت، لای ئەوانەوە گران بووە. هەروەها لەبەر ئەوەی لە دەروازە سنوورییەکان رێکاری تەندروستی گیراوەتەبەر، ئەوەش وایکردووە نرخی گواستنەوە زیادببێت".
بە گوێرەی راپۆرتەکانی تەندروستی، بەشێک لەو کانزا و پرۆتینانەی لە گۆشتدا هەن، لە نیسکیشدا هەن و باشترین خواردنە کە پێداویستیی لەش پڕ دەکاتەوە. ئەوەیش وایکردووە لەلایەن رۆژووگرانەوە بایەخی پێبدرێت.
رووداو
