بنەما سەرەکییەکان بۆ خوێندن لە قوتابخانەی ئەلیکترۆنی بڵاو دهكرێنهوه
ئهمڕۆ شهممه 25/4/2020، زوهێر محهمهد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی قوتابخانەی ئەلیکترۆنیی وهزارهتى پهروهردهى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، بنەما سەرەکییەکان بۆ خوێندن لە قوتابخانەی ئەلیکترۆنی بڵاو كردهوه و تێیدا ئاماژه بهوه دراوه، خوێندن لە قوتابخانەی ئەلیکترۆنیی پاڵپشتیکار و ئارهزوومهندانهیه (نا ئیلزامییە).
ههر له بنهماكاندا ئهوهش خراوهته ڕوو، مامۆستای وانەبێژ لە پرۆژەکە داخڵ دەبن، ههروهها ئیدارەی قوتابخانە سەرپەرشتیی هەماهەنگی لە نێوان مامۆستایان و قوتابییان دەکات.
دهقى بنەما سەرەکییەکان بۆ خوێندن لە قوتابخانەی ئەلیکترۆنی:
1ـ خوێندن لە قوتابخانەی ئەلیکترۆنی پاڵپشتیکار و نا ئیلزامییە ، بەواتای ئەو بابەتانە بۆ تاقیکردنەوە داواکراو نیە ، بەڵام پێویستە بەکاربهێنرێت و دەبێت ئیدارەی قوتابخانە هەماهەنگی بکات لەوەی بە گوێرەی خشتەیەک بۆ قوتابیيانی چاودێريیان بکات بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند بینەری وانەکان دەبن.
2ـ ئیدارەی قوتابخانە سەرپەرشتيی هەماهەنگی دەکات لە نێوان مامۆستایان و قوتابییان، مامۆستایانی بەڕێز پاش ئەوەی قوتابیيانی وانەکە دەبینن، دەتوانێت پەیامی هەبێت بۆ قوتابيیان و ئەگەر قوتابی یان خوێندکار پرسیاریان هەبوو دەکرێت وەڵامیان بداتەوە.
3ـ ستافی کارگێری لە قوتابخانە و ئێمەش لە سەرپەرشتیاریکردنی پرۆژەکە، ئاگاداری رادەی بەکارهێنانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی دەبین، ئەگەر قوتابخانەیەک وەک پێویست بەکاری نەهێنابوو ئاگادار دەکرێتەوە و بەدواداچوون بۆ هۆکارەکەی دەکرێت.
4ـ دەتوانن سوود لەو ڤیدیۆ فێرکارییە وەربگرن کە بڵاوی دەکەینەوە بەزووترین کات وێڕای ئەوەی بەرنامەکە زۆر سادەو ساکار دیزاین کراوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانن بەکاری بهێنن.
5ـ رۆژانە ڤیدیۆی نوێ زیاد دەکرێت بۆ گشت قۆناغەکان، ئەوەی ئێستا هەیە وەک سەرەتا دانراوە، ڤیدیۆی پێویست بۆ هەموو وانە پێویستەکان دەبێت . بە هەموو زمانەکان.
6ـ مامۆستای وانەبێژ لە پرۆژەکە داخڵ دەبن.
7ـ وشەی تێپەر یان کۆدەکان لە ڕێگای گروپی ڤایبەر یان تلیگرام یان واتس ئاپ یان مەسنجەر یان تەلەفۆن و نامەی مۆبایل دەدرێت بە قوتابی و خوێندکار یان دایباب. ناکرێت هیچ قوتابخانەیەک کۆدی قوتابیان لە پەیج یان ئەکاونتی قوتابخانە یان شەخسی دابنێت یان بڵاوی بکاتەوە.
باسنيوز
