فراکسیۆنی پارتی داوای پێشکەشکردنی خزمەتی باشتر بە قەڵادزێ دەکات
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکلەبارەی ساڵوەگەڕی بۆردومانکردنی قەڵادزێ دەردەکات و داوای خزمەتی باشتر بۆ ئەو شارە دەکات.
لە رگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ هەینی 24-4-2020 دەری کردووە، فراکسیۆنی پارتی رایگەیاندووە، رژێمی بەعس لە 24-4-1974 ڕق و قینى خۆى بهسهر قهڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا رشت، بۆ ئەوەی ”ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ سەربەرزی لەناوببات، بەڵام گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول خۆڕاگرتر لە جاران، بەرامبەر رژێمی بەعس وەستانەوە“.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوەش دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیازێکی فراکسیۆنەکە لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 24ـی نیسانی وەک رۆژی شەهیدانی زانکۆ ناساندووە.
رۆژی 24-4-1974، رژێمی بەعس بە مووشەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، کە گوازرابووەوە ئەو شارە، بۆردومان کرد و بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 160 هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 200 کەس.
دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی:
لە 46ـەم ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ، فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات ئاوڕی زیاتر لەو شارە بدرێتەوە .
لە 24/4/1974، رژێمی بەعس بە چەکی ناپاڵم شاری قەڵادزێی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 160 هاووڵاتی شەهید بوون و زیاتر لە 200 کەس بریندار بوون .
کارەساتی بۆردومانکردنی قەڵادزێ هێندە جەرگبڕ بوو بۆ گەلی کوردستان لەو کاتەدا، بارزانی نەمر ئەو رۆژەی بە رۆژی ماتەمی نەتەوەیی کورد ناوبرد.
رژێمی بەعس ئهو رۆژه ڕق و قینى خۆى بهسهر قهڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا رشت، بەو ئومێدەی ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ سەربەرزی لەناوببات، بەڵام گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول خۆڕاگرتر لە جاران، بەرامبەر رژێمی بەعس وەستانەوە .
لەو یادەدا، ئاوەدانکردنەوە و سڕینەوەی کاریگەری و شوێنەوارە نەرێنییەکانی دەیان ساڵەی سیاسەتی وێرانکردن و بە سووتماککردنی کوردستان لەسەر دەستی ڕژێمە ستەمکارەکانی عێراق بە تایبەت لە قەڵادزێ، بە پێویست دەزانین و داواكارین ئەو دەڤەرە پاڵپشتی و خزمەتی باشتری پێشكەش بكرێت و زیاتر ئاوەدان بکرێتەوە .
جێی خۆیەتی بەبیر هەمووانی بێنینەوە، کە فراکسیۆنی پارتی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیەکی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ دیاریکردنی 24ـی نیسان وەک رۆژی شەهیدانی زانکۆ و دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان پرۆژەکەی پەسەند کرد و حکوومەتیش بڕیاری ناساندنی ئەو رۆژەی به رۆژی شەهیدانی زانکۆ دا .
لهم یادهدا، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بۆمبارانی ساڵی 1974 و ڕاپەڕینە پیرۆزەکەی ساڵی 1982ـی قەڵادزێی خۆڕاگر و سەرجەم شەهیدانی کوردستان .
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان
24/4/2020
باسنيوز
