بەرپرسێکی یەکێتی: پەکەکە لە زینی وەرتێ سەرئێشەی بۆ یەکێتی و پارتی دروست کردووە

بەرپرسێکی یەکێتی: پەکەکە لە زینی وەرتێ سەرئێشەی بۆ یەکێتی و پارتی دروست کردووە
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دان بەوەدا دەنێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زینی وەرتێ کێشەی بۆ حزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دروست کردووە.
شێح موحسین محێدین، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی، بە پێویستی زانی، پارتی هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی بکات و ”دەشبێت یەکێتی ئەوە بزانێت کە پارتی حزبێکی گەورەیە و ژمارەی کورسییەکانی زیاترە، بۆیە باشترە یەکێتی و پارتی ڕەچاوی بارودۆخی یەکتری بکەن و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی یەکتری بگرن و لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن“.
روونیشی کردەوە کە کێشەکانی حزبەکەی لەگەڵ پارتی بەرەو چارەسەرکردنی یەکلاکەرەوە ھەنگاو دەنێت، بەڵام: ”ئەو کێشانەی لەنێوان ئەو دوو حزبە ڕوویان داوە، کێشەی لاوەکین و قابیلی چارەسەرکردنن، ھەرچەندە ئێستا ھەوڵەکانی ھەردوولا بەو ئاراستەیە دەڕوات کە بەزوویی کێشەکان چارەسەر بکرێن و چیتر یەکێتی و پارتی لە ڕێگەی میدیاکانەوە ھێرشی توند نەکەنە سەر یەکتر“.
بە بڕوای ئەو بەرپرسەی یەکێتی، بەشێکی کێشەکانی حزبەکەی لەگەڵ پارتی بۆ زینی وەرتێ دەگەڕێتەوە و گوتی: ”پێشتر ئەو ھێزانە لە زینی وەرتێ بوونیان ھەبووە، بوونی پەکەکەش لەو ناوچەیە ناتوانین بڵێین کێشەی بۆ یەکێتی و پارتی دروست کردووە، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان پەکەکە لەو ناوچەیەدا سەرئێشەی بۆ یەکێتی و پارتی دروست کردووە، باشتر وایە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، خۆیان لە ململانێ بپارێزن و لەبری ھێرشکردنە سەر یەکتری، کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن“.
شێخ موحسین پێیوایە کە ئەو کەسانەی بانگەشەی دووئیدارەیی دەکەن، ”کارێکی باش ناکەن و بەم بابەتە بۆ خاڵی سفڕ دەگەڕێینەوە و ئەزموونەکەمان تێکدەچێت“.










باسنیوز



Top