ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک ئاستەنگ بۆ ڕۆژنامەنووسانی كورد دروست دەکات
ستار جەباری، ئەندامی لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ڕایگەیاند: “ئێمە بەیاننامەیەكمان بە بۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردییەوە دەركرد كە تێیدا پیرۆزباییمان لە رۆژنامەوانانی كەركووك و تەواوی رۆژنامەوانانی كوردستان كردووە، هەرچەندە لەڕاستیدا ئێستا لە شاری كەركووك پیشەی رۆژنامەوانی زۆر سەخت بووە، بەڵام ژمارەیەك بەرچاو لە رۆژنامەوانان لە شارەكە كاری خۆیان بە باشی هەر دەكەن".
گوتیشی، بەداخەوە ئێستا بە بڕیاری پارێزگاری سەپێندراو و کاتیی كەركووك، بە هیچ شێوەیەك لێدوان بۆ رۆژنامەنووسانی كەركووك لەلایەن بەرپرسانەوە نادرێت، كە ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە و ئەوان هاوكار نین، كێشەیەكی دیكەش هەیە كە ئەویش ئەوەیە ئێستا یەك رۆژنامەی كوردیش لە كەركووك دەرناچێت".
هاوكات ستار جەباری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رۆژنامەنووسانی كەركووك زۆر جار رێگری لە كاریان دەكرێت تەنانەت لە زۆر كاری لاوەكیشدا نەك هەر سیاسی، بەڵكوو رێگریان لێ كراوە كە راپۆرتێك ئامادە بكەن لەسەر بابەتێكی ئابووری، یان كۆمەڵایەتی، بۆیە ئەوان تووشی ئاستەنگی زۆر گەورە بوونەتەوە، پێویستمان بەوەیە كە نوێنەرانی كورد چارەیەكی دۆخی رۆژنامەنووسانی كورد بكەن لە شارەكە بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ كاریان بكرێت و لێدوانیان بۆ بدەن".
باسنيوز
