وەزارەتی کشتوکاڵ: ڕێگەمان نەدا کۆمپانیایەک لە دەروازەی باشماخەوە پەتاتە هاوردە بکات
ئهمڕۆ چوارشهممه 22/4/2020، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاگهیاندراوێكى بڵاو كردهوه و، تێیدا هاتووه: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زانیاریمان دەستکەوت کە مۆڵەت به کۆمپانیایەک دراوە بۆ ماوەی شەش مانگ پەتاتە لە دەرەوەی کوردستانەوە هاوردە بکات و لەباجی گومركیش ببەخشرێت، بە ناوی ئەوەی کۆمپانیاکە پەتاتەکە وەک کەرەستەی خاوی دروستکردنی چپس و فنگەری پەتاتە بەکار دێنێت، لە کاتێکدا جووتیارانی ههرێمى كوردستان هەزاران دۆنم زەویان بە بەرهەمی پەتاتە داچاندووە و چاوەڕێن لە ڕێگای فرۆشتن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکەیانەوە قازانج بکەن".
ئهوهش خراوهته ڕوو: "لەم کاتەدا جووتیارانمان پێویستیان بەوە هەیە زەمینەی پێویست بڕەخسێنرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، ئەرکی وەزارەتی کشتوکاڵە بەوپەڕی تواناوه پاڵپشتییان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت بەرنامە و پلانی وردی درێژخایەنی هەیە کە تێیدا چەندین میکانیزمی گونجاومان دەستنیشان کردووە بۆ ڕێگریکردن لەوەی بەرهەمی هاوردە بتوانێ کێبڕکێی بەرهەمی خۆماڵی بکات، چ بە قەدەغەکردنی هاوردە بێت لە کاتە پێویستەکاندا، چ بە زیادکردنی باج بێت".
له ڕوونكردنهوهكهدا باس لهوهش كراوه: "لە بنچینەدا کار و بەرپرسیارێتیی وەزارەتی کشتوکاڵە بەپێی پێویستیی ناوخۆ و دوای هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ مۆڵەت بدات بە هەر بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە حاڵێکدا، ئەگەر بەرهەمی خۆماڵی نەتوانێ پێویستی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە".
وهزارهتى كشتوكاڵ ئاماژه بهوهش دهدات، مۆڵەتى ئەم کۆمپانیایه بە گوێرەی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 1998 دراوە، "کە ئەو یاسایە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە نهخراوهته وارى جێبهجێكردنهوه، ناکرێ یاسایەک پەرلەمانی کوردستان نهیخستبێته وارى جبێبهجێكردنهوه، کاری پێبکرێت".
ڕوونیش كراوهتهوه: "ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەمیشە دووپاتمان کردووهتەوە کە هەموو ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی لە بواری پیشهسازیی خۆراکدا کار دەکەن، دەبێت بەرهەمی ناوخۆیی وەک کەرەستەی خاو بەکار بهێنن، بەو کارگانەشەوە کە بەشێکن لە کۆمپانیا ناسراوه جیهانییەکان و پابەند کراون بەوەی چەند جۆرێکی دیاریکراو بەروبومی کشتوکاڵی بەکار بهێنن و پێمان ڕاگەیاندوون، دەبێت تۆوی بەرهەمه دیاریکراوەکان بهێنن و لە کوردستان دایبچێنن، ئەمەش لەپێناو زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هاندانی جووتیاران بۆ داچاندنی زۆرترین ڕووبەری زەوییەکانیان".
وهزارهتى كشتوكاڵ هەموو لایەک دڵنیا دەکاتهوه، ڕێگرییان کردووە لە هێنانەناوەوەی ئەو بەرهەمە و لە دەروازەى سنوورى باشماخ كردووه و ڕایانگرتووه، داواشیان لە وەزارەتی بازرگانی کردووە مۆڵەتەکەیان پووچەڵ بکەنەوە.
له ڕوونكردنهوهكهدا دووپاتیش كراوهتهوه: "بەهیچ شێوەیەک وەزارەتی کشتوکاڵ ئاگاداری ئەو مۆڵەتە نییە، زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی و دڵسۆزیى كارمەندانمان لە كەرەنتینەكانمان دەکەین لەبەرامبەر چاودێریى وردیان بۆ پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیی".
باسنیوز
