وەزارەتی تەندروستی: بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەڵگرتنی کتوپڕی قەدەخەی هاتووچۆ نین
د. محەممەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "وەزارەتی تەندروستی وەکو یەکێک لە گەورەترین وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، ئێمە زۆر پەلەمانە بۆئەوەی دەستبکەینەوە بە چالاکییەکانی خۆمان، هەموو بنکە و سەنتەرەکان و نەخۆشخانەکان چالاک بکەینەوە، دووبارە هاونیشتمانیان وەربگرینەوە لە هەموو ئەو حاڵەتانەی کە حاڵەتی فریاکەوتنیش نەبوون، بەڵام ئەمە مەترسیی زۆر زیاترە لە قازانجەکەی".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێ "ئەو جۆرە بڕیارانە تەنها بە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی داتاکان دەکرێت کە رۆژانە لەلایەن تیمی پسپۆڕ لە وەزارەتەوە دیراسەت دەکرێت و دەخرێنەڕوو، لەسەر ئاستی ئەوانە ئێمە پێشبینییەکانی خۆمان بۆ حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ دەخەینەڕوو، ناتوانین ئێستا هیچ رێککەوتێک دەستنیشان بکەین".
د. محەممەد قادر باسی لەوە کرد کە مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام دەبێت و دەڵێ "بە خۆشحاڵییەوە تاوەکو ئێستا پرسی کۆرۆنا زۆر باش هاتووە و لە کۆنترۆڵدایە، پێداویستییەکان کەمی نەکردووە و توانای نەخۆشخانەکان لە سەرووی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنایە، بەڵام نابێت ئەمە جۆرێک لە غروورمان پێ ببەخشێ و هەندێک رێکار فەرامۆش بکەین".
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی، ئەگەر قەدەخەی هاتووچۆش هەڵبگیرێت "کۆمەڵێک رێنمایی تووندی تەندروستی خۆپارێزی هەن کە پێویستە جێبەجێ بکرێت، پێویستە بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ بێت. کۆبوونەوە جەماوەرییە قەرەباڵخەکان، بۆ نموونە بازاڕ و شوێنە داخراوەکان یان قوتابخانەکان دەکەونە دوا قۆناخی هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ، چونکە ئەمانە بەریەککەوتنی یەکجار زۆر بێسنووری تێدایە".
د. محەممەد قادر ئەوەی خستەڕوو کە "پێویستە تەواو دڵنیا ببینەوە لە تۆمارنەکردنی هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان بۆ ماوەی 28 رۆژ، ئەوکات دەتوانین بڵێین کۆرۆنا لە کوردستان نەماوە، ئەمەش بەپێی ئەو رێنماییەی ئێستا لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پێشنیاز کراوە. بۆیە ئێمە لە قەدەخەی هاتووچۆ پاڵپشتیی ئەو رێکارانە دەکەین".
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 337 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 292 کەس چاکبوونەتەوە و 4 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئێستا تەنیا 41 تووشبووی ڤایرۆسەکە ماون.
رووداو
