پەیامی وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی
122ساڵ لەمەو بەرو بەدیاریكراوی لەرۆژی 22ی نیسانی 1898، میقداد مەدحەت بەدرخان لە وڵاتی غەریبیو دوور لەخاكی نیشتمان، یەكەم ژمارەی رۆژنامەیەكی كوردی بەناوی پیرۆزی (كوردستان) لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەركرد.
ئیدی لەو كاتەوە رۆژنامە بووە مەیدانێكی گرنگی خەباتی كلتوریو سەنگەرێك بۆ بەرگریكردن لە ناسنامەی گەلی كوردستانو پاراستنی وشەی پیرۆزی كوردی.
كاروانی رۆژنامەگەریی كوردی بەردەوام بوو،سەرباری گرفتو ئاستەنگەكان، مەشخەڵی پەیڤی كوردی بە بڵندی راگیرا.
ئێستاش لەسایەی جیهانگیریو شۆڕشی زانیاریدا، رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستان، پێشكەوتنو گەشەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو رۆڵێكی گرنگو دیاری هەیەو وەك دەسەڵاتی چوارەم دەركەوتووە.
ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئاهەنگی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی ساز ناكرێت، بۆیە لێرەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم رۆژنامەنووسانی كوردستان بەهەموو رەنگو دەنگە جیاوازەكانەوە دەكەینو هیوای ژیانێكی شایستەو سەركەوتنیان بۆ دەخوازین.
لەناخی دڵەوە سوپاسی ئەو رۆژنامەنووسە ئازاو بوێرانەی سەرجەم كەناڵەكانی میدیا دەكەین كە هاوشانی تیمەكانی تەندروستیو پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لەسەنگەری بەرەنگاری ڤایرۆسی كۆرونادا بوون، بەشێوەیەكی شارستانیو پیشەیی هەواڵەكانیان رووماڵ كردو داوایان لەهاوڵاتیان كرد رێنماییەكان جێبەجێ بكەنو لەماڵەكانیان بمێننەوە.
لەم بۆنە مێژووییەدا جەخت دابینكردنی مافو ئازادی كاری رۆژنامەنووسی رۆژنامەنووسان بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە،داواش لەرۆژنامەنووسانی خوشەویست دەكەین بەشێوەی پیشەییو بەپێی یاساو ئیتیكی كاری رۆژنامەنووسی كاری خۆیان بكەن.
هەرلەم بۆنەیەدا دروود بۆ گیانی پاكی ئەو رۆژنامەنووسانە دەنێرین كە لەپێناو وشەی پیرۆزی كوردی گیانی خۆی بەخشی.
دووبارە پیرۆزە
وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان
٢١-٤-٢٠٢٠
