وەزارەتی ئەوقاف: سبەی ئێوارە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریدەکرێت
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی راگەیاند "ئێوارەی چوارشەممە 22ی نیسانی 2020 لیژنەی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف کۆدەبێتەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوقافی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەکان بڕیاری کۆتایی لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەدرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوە کرد "ئهگهر له ئێوارهی 22ی نیسان مانگ بیندرا، ئهوا 23ی نیسان دهبێته یهكهم رۆژی مانگی رهمهزان، ئهگهر نهشبیندرا ئهوا رۆژی 24ی نیسان کە دەکاتە هەینی، یەکەم رۆژی مانگی رهمهزان دهبێت".
ئێستا بههۆی بڵاوبوونهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەرگای مزگەوتەکان داخراون، گوتهبێژی وهزارهتی ئهوقاف لەوبارەیەوە گوتی "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ كردنهوهی مزگهوتهكان نییە، چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناین بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتە".
مانگی رەمەزان یەکێکە لە مانگەکانی کۆچی، تێیدا موسڵمانان لە بەرەبەیان (نوێژی بەیانی)یەوە تاوەکو ئێوارە (نوێژی مەغریب) بەڕۆژوو دەبن، هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک ناخۆن و ناخۆنەوە، رۆژووگرتن یەکێکە لە پایەکانی ئاینی ئیسلام.
بەهۆی جیاوازی لەنێوان رۆژژمێری زاینی و کۆچی، ساڵانە بەپێی رۆژژمێری زاینی مانگی رەمەزان 10 رۆژ پێش وادەی دیاریکراوی ساڵی پێشوو دێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە هاتنی مانگی رەمەزان بینینی مانگ بۆ بەڕۆژووبوون کراوەتە پێوەر.
رووداو
