10 رۆژە هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە کەرکووک تۆمارنەکراوە

10 رۆژە هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە کەرکووک تۆمارنەکراوە
گوتەبێژی شانەی قەیرانەکان لە کەرکووک رایگەیاند، چوار تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لەو پارێزگایە چاکبوونەتەوە و 10 رۆژیشە هیچ تووشبوویەک بە ڤایرۆسەکە تۆمارنەکراوە.

مەروان عانی، گوتەبێژی شانەی قەیرانەکان لە کەرکووک راگەیاند، "دوای ئەوەی ژمارەیەک پشکنینیان رەوانەی بەغدا کرد، ئەمڕۆ ئەنجامەکانمان بۆ گەڕایەوە و دەرکەوت لە کۆی 9 تووشبوو چواریان چاکبوونەتەوە و گەڕانەوە ماڵەوە".

گوتەبێژەکەی شانەی قەیرانەکان لە کەرکووک گوتیشی، ئێستا لە کەرکووک تەنیا پێنج تووشبووی کۆرۆنا ماون، کە لەژێر چاودێریی تەندروستیدان و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

لە کەرکووک 31 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، تاوەکو ئێستا 24یان چاکبوونەتەوە و دووانیان گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها سێ گومانلێکراویش هەبوون، بەڵام دوای پشکنین بۆیان، دەرکەوتووە کە تووشبوو نین، 159 کەسیش دوای گەڕانەوەیان لە دەرەوەی وڵاتەوە کەرەنتین کراون.

دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبارەی ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بەم شێوەیەن:

- هەزار و 602 کەس تووشبوون

- هەزار و 96 کەس چاکبوونەتەوە

- 83 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە











رووداو
Top