لە سلێمانی و هەڵەبجە 10 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەوە
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، شەش تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەوە و گەڕانەوە ماڵەكانیان.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت، بە چاکبوونەوەی ئەو شەش تووشبووە کۆی گشتی ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە گەیشتە 116 کەس.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجەش دەڵێت، چوار تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە پارێزگاکە چاکبوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە سێ هەفتە لە ناو قاوشی تایبەت بە كۆرۆنا بوون پاش وەرگرتنی چارەسەر گەڕێندرانەوە ماڵەوە.
ئەوانەی لە هەڵەبجە چاکبوونەتەوە لە پیاوێكی 73 ساڵ، دوو ژنی 72 و 37 ساڵ لەگەڵ منداڵێكی پێنج ساڵ پێکهاتوون کە سەرجەمیان ئەندامی خێزانێك بوون. ئێستا تەنیا 8 کەس لە قاوشەکاندا ماون.
ئەمە دوای ئەوەدێت کە ئەمڕۆ تەندروستیی هەولێر چاکبوونەوەی شەش تووشبووی کۆرۆنای لە پارێزگاکە راگەیاند.
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 337 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 260 کەس چاکبوونەتەوە و لەو ژمارەیەش چوار کەس گیانیان لەدەستداوە. ئێستا 75 کەس لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
رووداو
