خوێندنی باڵا: ئەگەر رەوشی تەندروستی ئاسایی نەبووە دەست بە خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکەین
ئەمڕۆ شەممە 18-04-2020 ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد و لە یەکێک لە بڕیارەکاندا هاتووە، "هەر کاتێک ئاساییبوونەی رەوشی تەندروستی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێنرا، ئەوا ئەو زانکۆیانەی دەستیانکردوە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار) راستەوخۆ دەستدەکەنەوە بە خوێندنی نێوکامپەس بۆ تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن".
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوەش دەدات، "هەموو زانکۆکان پێویستە پلانەکانیان بەشێوەیەک دابڕێژن کە پێش 1-09-2020 پرۆگرامی ساڵی ئەکادیمی 2019-2020 یان تەواوکردبێت بە هەڵسەنگاندن و تاقیکرنەوەکانی خولی یەکەم و دووەمی کۆتایی ساڵیشەوە".
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
ئەمڕۆ شەممە 18-04-2020 ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتى د. ئارام محەممەد قادر سەرۆکى ئەنجوومەن، ئامادەبونی بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان، کۆبوونەوەی ژمارە 5ی ساڵی 2020 ی ئاسایی خۆی بە شێوەى ئۆنلاین و بەشێوازی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریگریکردن لەبڵاوبونەوەی پەتاکە خستەڕو، هەروەها پشتیوانی تەواوی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی حکومەت دوپاتکردەوە.
تەوەرێکی سەرەکى کۆبوونەوەکە کە تایبەت بو بە دیراسەکردنی بژاردەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی 2019-2020 ، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی زۆر لە نێوان زانکۆکان لە رووی ژێرخان و توانای مرۆیی و راهێنانی مامۆستایان و ژمارەی قوتابییان و خوێندکاران، هەروەها بەهۆی جیاوازی رێژەی خوێندراوی پرۆگرامەکانی خوێندن لە نێوان زانکۆکان و بەتایبەت لە نێوان سیستەمی ساڵانە و سیستەمی کۆرسات و سیستەمی بۆڵۆنیا، ئەنجوومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:
1. ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت لەسەر بڕیاری پێشووی دەکاتەوە کە ئەگەر تا 02-05-2020 رەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی نەبووە و نەتوانرا دەستبکرێتەوە بە خوێندنی نێوکامپەس ئەوا زانکۆکان دەستدەکەن بە خوێندنی ئەلکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار) بۆ تەواوکردنی ئەو بەشە کەمەی پرۆگرامی خوێندنی ساڵی ئەکادیمی 2019-2020.
2. هەر زانکۆیەک تا ئەو بەروارە نەیتوانی ئامادەکارییەکان تەواوبکات بۆ دەستپێکردنی خوێندنی ئەلکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار)، ئەوا لە چوارچێوەی ئەو سەربەخۆیی کارگێڕی و ئەکادیمییەی کە زانکۆکان هەیانە بە لەبەرچاوگرتنی سیستمی خوێندن و ئەو تایبەتمەندێتی و جیاوازیانەی کە هەیانە، ئەنجوومەنی زانکۆکان دەسەڵاتییان هەیە کە پلانی تایبەت بە زانکۆی خۆیان دابڕێژن بۆ تەواوکردنی پرۆگرامی خوێندنی ساڵی ئەکادیمی 2019-2020.
3. هەموو زانکۆکان پێویستە پلانەکانیان بەشێوەیەک دابڕێژن کە پێش 1-09-2020 پرۆگرامی ساڵی ئەکادیمی 2019-2020 یان تەواوکردبێت بە هەڵسەنگاندن و تاقیکرنەوەکانی خولی یەکەم و دووەمی کۆتایی ساڵیشەوە.
4. ئەو زانکۆیانەی کە دەست ئەکەن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار) ئەوا پێویستە پلانی تایبەتییان هەبێت بۆ خوێندنی وانە پراکتیکییەکان.
5. هەموو زانکۆکان پێویستە پلان و نەخشەڕێگای روونیان هەبێت بۆ کات و چۆنییەتی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان.
6. ئەو زانکۆ حکومی و تایبەتانەی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی کە لقی زانکۆیەکی نێودەوڵەتین یاخود مافی یاسایی زانکۆیەکی نێودەوڵەتییان هەیە بە شێوەی (Franchise) یاخود سیستەمێکی تایبەت جێبەجێ ئەکەن، ئەوا پێویستە ڕەچاوی ڕێنماییەکانی زانکۆ نێودەوڵەتییەکە (زانکۆی دایک) بکەن بۆ چۆنییەتی و کاتی دەستپێکردنی خوێندنی ئەلکترۆنی، واتە ئەگەر زانکۆی دایک دەستی کردوە بە خوێندنی ئەلکترۆنی زانکۆکەی هەرێمیش دەتوانێت دەستپێبکات بە مەرجێک هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردبێت.
7. سەرجەم زانکۆکان پێویستە بەپێی بڕیارەکانی سەرەوە پلان و نەخشەڕێگای خۆیان دابڕێژن و وێنەیەک بدەن بە وەزارەت بۆ مەبەستی چاودێری کردن و بەدواداچونی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت لە چۆنییەتی جێبەجێکردنی پلانەکەیان.
8. جەختکردنەوە لەسەر بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزارەت کە لە (٢/٥/٢٠٢٠) زانکۆکان دەتوانن هەموو پرۆسەکانی تر بەشێوەی ئەلکترۆنی دەستپێبکەنەوە وەک خوێندنی قوتابییان و خوێندکارانی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا) ئەوانەی کە پێشتر دەستییان کردوە بە خوێندن بەپێی قۆناغەکانی خوێندنیان، وە هەروەها پرۆسە ئەکادیمییەکانی تر (کۆنفرانس و سیمینار و سیمپۆزیەم و گفتوگۆی تێزەکانی ماستەر و دکتۆرا و نازناوی زانستی و پێداگۆجی و ...هتد).
9. هەر کاتێک ئاسایی بوونەی رەوشی تەندروستی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنرا، ئەوا ئەو زانکۆیانەی دەستیانکردوە بە خوێندنی ئەلکترۆنی (بەشێوەی پاڵپشتیکار) راستەوخۆ دەست دەکەنەوە بە خوێندنی نێوکامپەس بۆ تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن.
10. زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش پێویستە پاپەند بن بەم بڕیارانەی سەرەوە.
رووداو
