په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان: کوردستان موڵکی کەس نییە و حکوومەت دەتوانێ هێزەکانی بنێرێتە هەر ناوچەیەک
پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا تاقمێک لەنێو یەکێتی هێزێکی چەکداری سەر بە خۆیان لە بەرامبەر هێزە هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچەی زینی وەرتێ جێگیر کرد، لە ئاستی جۆراوجۆرەوە نیگەرانی لێکەوتەوە.
لەمبارەیەوە رزگار محه‌مه‌د، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی لێژنەی پێشمه‌رگه رایگەیاند، رۆیشتنی هێز بۆ هه‌ر ناوچه‌یه‌ك له‌سه‌ر فه‌رمانی وه‌زیری پێشمه‌رگه و ئاگاداریی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بووه و ”پێویسته هێز بچێته ئه‌و ناوچه‌یه“.
ڕوونیشی کردەوە کە هێزی پێشمەرگە هێزێکی نیزامییه و 14 لیوای هاوبه‌ش هه‌یه، ”ئەگەر یەکێتی تێبینی هەیە، ده‌كرا له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشمه‌رگه و سه‌رۆك حكوومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان قسه‌ی بكردبایه، چونكه ئه‌وان به‌شدارن له حكوومه‌ت، جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان سه‌ر به یه‌كێتین و سه‌رۆكی هه‌رێم سەرۆکی هێزه چه‌كداره‌كانە، ده‌كرا له ئاستی باڵا قسه بكه‌ن“.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان پێیوایە کە ”بردنی هێز بۆ به‌رانبه‌ر هێزەکانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ده‌رخه‌ری تۆخكردنه‌وه‌ی شارچیه‌تییه و ئه‌و ناوچانه ناوچه‌ی كوردستانه، هیچ كه‌س بۆی نییه بیكاته موڵکی خۆی، حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بەهەر هۆکارێک بێت، بۆیان هەیە هێزەکانیان بنێرێته هه‌ر ناوچه‌یه‌ك و حكوومه‌ت ئەرکیەتی كوردستان بپارێزێت".
دووپاتیشی کردەوە کە هێزە هاوبەشەکە بە فەرمانی حکوومەت چووەتە زینی وەرتێ، ”چۆن ده‌كرێت هێزی حزبی به‌رانبه‌ر به هێزی حكوومه‌ت بوه‌ستێته‌وه؟ ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات، نیگه‌رانیی زۆری دروست كردووه به لای حكوومه‌تیشه‌وه، چونكه ئه‌م كابینه‌یه ده‌بێت به‌هێز بكرێت و سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر قه‌یرانەکاندا، ئه‌وه‌ی رووده‌دات جێگەی پرسیارە، ته‌نانه‌ت جۆرێكه له كوده‌تا کە هێزێك راوه‌ستێت به‌رانبه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمەرگە، کارێکی نه‌شیاوه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێیان وایه مه‌ترسییه، ده‌كرێت پرسیار له وه‌زیره‌كه بكه‌ن كه سه‌ر به خۆیانه".
ڕزگار محەمەد جەختی کردەوە کە ئەوەی کراوە، ”ده‌لاله‌ته له دوو ئیداره‌یی، خۆ بابیری خه‌ڵك بهێنینه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌وان هێزیان هه‌یه له‌و ناوچانه، بۆ ناهێنرێته كه‌ركووك؟ له هه‌فته‌ی رابردوودا له زنانه و قه‌ره‌ته‌په و خانه‌قین داعش هێرشیان كردووه، بۆ ئه‌و هێزانه نابرێته ئه‌وێ و به‌رگری له کوردستان بكه‌ن؟“.
باس‌نیوز
